فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی ئاگادارییەکی بۆ فیلمسازان بڵاوکردەوە

فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی دەرگای پێشکەشکردنی فیلمەکانی بەڕووی فیلمسازاندا کردەوە.

فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند، بە فەرمی دەرگای پێشکەشکردنی فیلم بۆ فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی 2026 کراوەتەوە لە 25ی نیسانی 2026 کاتژمێر 14:00.

"بانگهێشتی فیلمسازان لە کوردستان و هەموو جیهان دەکەین"

ئاماژە بەوەشدەکات، بانگهێشتی فیلمسازان لە کوردستان و هەموو جیهان دەکەین بۆ پێشکەشکردنی کارە سینەماییەکانیان و بەشداریکردن لە پلاتفۆرمێکی نێودەوڵەتی گەشەسەندوو کە سینەما، داهێنان و گێڕانەوەی چیرۆکە جیهانییەکان دەخاتەڕوو.

وا بڕیارە فێستیڤاڵەکەی ئەمساڵ، کە دەبێتە خولی شەشەم، لە ڕێکەوتی 9ـی ئەیلوولی بەڕێوەبچێت.

تاوەکو ئێستا پێنج خولی فێستیڤاڵەکە ئەنجامدراون

فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆنەیەکی ساڵانەی سینەماییە لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت، لەلایەن کۆمپانیای "مەستی فیلم"ـەوە ڕێکدەخرێت، فێستیڤاڵەکە پێشوازی لە فیلمی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دەکات و گرنگی بە کێبڕکێی فیلمە درێژ و کورتەکان دەدات، تاوەکو ئێستا پێنج خولی فێستیڤاڵەکە ئەنجامدراون و خولی پێنجەم لە ساڵی 2025 بە دروشمی "کولتووری کوردی و زمانی دایک" بوو.