
سەرۆککۆماری ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی پاکستان، مەرجەکانی وڵاتەکەی بۆ سەرکەوتنی دیالۆگ ئاشکرا دەکات و هۆشداری لە توندکردنەوەی فشارە سەربازییەکان دەدات.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، هەوڵە دیپلۆماسییەکان و پرسی ئاگربەستیان تاوتوێ کرد. پزیشکیان ڕایگەیاند کە گەمارۆکان و ناردنی هێزی سەربازیی زیاتر، ئاستەنگی گەورەن لەبەردەم بونیادنانی متمانە و بەرەوپێشچوونی هەوڵە دیپلۆماسییەکان.
سەرۆکایەتیی ئێران بڵاویکردەوە، پزیشکیان دووپاتی کردووەتەوە کە مەرجی بنەڕەتی بۆ بەرەوپێشچوون، گەیشتنە بە دیدگایەکی هاوبەش و ڕەخساندنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ دیالۆگ. ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە کە باسکردنی دیالۆگ هاوشان لەگەڵ بەردەوامیی گەمارۆ و فشارەکان، متمانەی نێوان لایەنەکان ناهێڵێت و ناردنی هێزی سەربازییش تەنیا دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات.
سەرۆککۆماری ئێران جەختی لەسەر پێویستیی ڕاگرتنی دوژمنکارییەکان کردووەتەوە. پزیشکیان ڕایگەیاندووە کە پێشکەشکردنی گەرەنتی بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەو دوژمنکارییانە، مەرجێکی سەرەکییە بۆ زەمینەسازیی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان.
لە بەرامبەردا، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان دووپاتی کردووەتەوە کە وڵاتەکەی وەک نێوەندگیر هەموو هەوڵێکی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی گفتوگۆکان بە ئەنجامێکی "شکۆمەندانە" بگەن.