
ئوردن گرووپەکانى ناو سووریاى بە ئەنجامدەرى هێرشى سەر کڵێساکە تۆمەتبار کردووە.
لە تۆڵەى ئەوەدا چەند پێگەیەکى لە دەرعا بۆردوومان کرد.
ئوردن دەڵێت هێرشەکە بە هەماهەنگى بووە و دیمەشقیش دەڵێت وانییە.
حکومەتی سووریا ڕایگەیاند، "قوربانیى سڤیل"لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئوردن هەبووە کە ڕۆژی دووشەممە کرایە سەر باشووری وڵات، سوپای ئوردنیش ڕایگەیاند، لە بۆردوومانەکەدا "ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان" کراونەتە ئامانج.
هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر چەند پێگەیەک لە گوندەوارى دەرعا.
حەوت کەس کوژراون و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەڕێوەبەری تەندروستیی دەرعا: پێگەکانى ئەلتەف، لە ناوچەی مەسمیە و دەوروبەری شارۆچکەی نەسیب و موزەیریب لە گوندەوارى دەرعا کراونەتە ئامانج.
لەنێو کوژراوەکاندا سێ منداڵ، ژنێک و سێ پیاو، لەنێویاندا پیاوێکی بەساڵاچوو هەیە.
سێ کەس برینداربوون کە دوو پیاو و منداڵێکن.
دەستەى دەروازە سنوورییەکان و گومرگى سووریا، داخستنی دەروازەی سنووری نەسیب لەگەڵ ئوردن ڕاگەیاند.
دەستەى دەروازە سنوورییەکان: ڕاگرتنى هاتووچۆکە گەشتیارى و بازرگانى دەگرێتەوە.
دەستەى دەروازە سنوورییەکان: بەهۆی دۆخی ئێستا و پێشهاتەکانی پارێزگاى دەرعایە.
سوپای ئوردن ڕۆژی دووشەممە لە ڕاگەیێنراوێکدا گوتى "هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر "ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان" لە باشووری سووریا. ئەوەشى وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بۆ هێرشکردنە سەر کڵێسایەک لە پارێزگای کەرک لە باشووری ئوردن ناوبردبوو. باسلەوەشکرا بوو، ئۆپراسیۆنەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ دیمەشق بووە. لەبەرامبەردا حکومەتی سووریا لە ڕاگەیێنراوێکدا کە ئاژانسی سانا بڵاویکردەوە، گوتى "بۆ ئەم ئۆپراسیۆنە سەربازییە پێشتر لەگەڵ لایەنی سووریا هەماهەنگی نەکراوە".
سوپای ئوردن ناوی ئۆپراسیۆنەکەی ناوە "بەرپەرچدانەوەى ئوردنی – حەمود" بە ناوی ئەو گوندەی کە هێرشەکەی تێدا کرا.
