عێراق: هەماهەنگیمان لەگەڵ تورکیا بۆ بەردانەوەی ئاو لە بەرزترین ئاستدایە

ڕێڕەوە یاوییەکانی عێراق
ڕێڕەوە یاوییەکانی عێراق

ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئاو دوایین پێشهاتەکانی پەیوەندیی نێوان بەغدا و ئەنقەرە دەخاتە ڕوو و ڕایدەگەیەنێت، هەماهەنگییەکان بۆ زیادکردنی پشکی ئاوی عێراق گەیشتووەتە ئاستێکی مێژوویی.

هەماهەنگیی ڕۆژانە بۆ زیادکردنی ئاو

تورهان موفتی، ڕاوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی بۆ کاروباری ئاو ڕایگەیاند، هەماهەنگییەکی زۆر باشیان لەگەڵ تورکیا هەیە بۆ پرسی ئاو و بەردانەوەی. موفتی ئاماژەی بەوە کرد کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا لەسەر ئەم پرسە بووەتە پەیوەندییەکی ڕۆژانە و هەوڵەکان بەو ئاڕاستەیەن کە بڕێکی زیاتری ئاو بۆ ناو خاکی عێراق بەربدرێتەوە.

چارەنووسی یاداشتەکانی لێکتێگەیشتن

سەبارەت بە ڕێککەوتنەکان، ڕاوێژکارەکەی سوودانی ڕوونیکردەوە کە یاداشتی لێکتێگەیشتنی 1 کە لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆککۆماری تورکیاوە واژۆ کراوە، هێشتا کاری پێدەکرێت و بەردەوامە. بەڵام یاداشتی 2 کە لەلایەن وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵاتەوە واژۆ کرابوو، بۆ جێبەجێکردنی کرداریی هێشتا پێویستی بە دەنگدانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەیە.

زیادبوونی ئاوی دیجلە و فورات

تورهان موفتی جەختی کردەوە کە ئێستا بڕی ئاوی بەردراوە لە تورکیاوە بۆ هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات زیادی کردووە، بەتایبەتی لەسەر ڕووباری دیجلە کە بڕەکەی زۆرترە. هۆکاری ئەم زیادبوونە بۆ زۆری بارانبارین و توانەوەی بەفر دەگەڕێتەوە، بە گوتەی موفتی، هەماهەنگییەکانی ئێستا لەگەڵ تورکیا لە بەرزترین ئاستدایە بەراورد بە چەند ساڵی ڕابردوو.