دادگا بڕیاری دا: فەزڵ شاکر بێتاوانە
فەزڵ شاکر، هونەرمەندی پێشوو و کەسایەتیی دیاری لوبنانی، پاش تێپەڕینی چەندین مانگ بەسەر خۆڕادەستکردنی بە لایەنە ئەمنییەکانی لوبنان، لە کۆتاییدا، دادگا بڕیاری لەسەر دا، بەڵام هێشتا بەشێک لە دۆسیەکانی بە کراوەیی ماونەتەوە.
بەڵگە بوونی نییە
بە فەرمی و بە بڕیاری دادگا، فەزڵ شاکری گۆرانیبێژی پێشووی لوبنان، لە دۆسیەی هەوڵی کوشتنی بەرپرسێکی ناوچەیی وڵاتەکە، بە بێتاوان ناسێنرا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی فرانس پرێس، کە لە سەرچاوەیەکی دادوەریی لوبنانەوە وەریگرتووە، دادگای تاوانەکانی بەیرووت، بڕیاری داوە، لە دۆسیەی هەوڵدان بۆ کوشتنی بەرپرسێکی "سەرایا ئەلموقاوەمە"ی لوبنانی بە ناوی هیلال حەمود، فەزڵ شاکر وەکو بێتاوان بناسێنێت، تیایدا لە بڕیارەکەی دادگادا هاتووە، هاوشانی فەزڵ شاکر، شێخ ئەحمەد ئەلئەسیریش وەکو بێتاوان دەناسێنرێت، بە هۆکاری نەبوونی هیچ بەڵگەیەک لەسەر تاوانەکە.

دۆسیەی دیکە ماون
ئەمەش لەکاتێکدایە، هێشتا دۆسیەی دیکە لە دژی فەزڵ شاکر بە کراوەیی ماونەتەوە، بڕیارە 26ی ئەم مانگە، بۆ جارێکی دیکە، دادگا لەسەر چوار دۆسیەی دیکەی ئەمنی، لەبارەی فەزڵ شاکر کۆببێتەوە و لە مانگەکانی داهاتوودا، چارەنووسی ئەم هونەرمەندە 57 ساڵە یەکلایی دەبێتەوە بۆ ئازادبوون یان بەسەربردنی کات لە زیندان.

چیرۆکی فەزڵ شاکر چییە؟
فەزڵ شاکر ساڵی 1969 لە باوکێکی لوبنانی و دایکێکی فەڵەستینی لەدایکبووە، لە دیارترین گۆرانیبێژەکانی جیهانی عەرەبیی بوو، زۆربەی کارە هونەرییەکانی ڕۆمانتیک بوون، ساڵی 2012 بەتەواوەتیی بڕیاری دەستبەرداربوون لە کاری هونەریی دا و چووە ڕیزی کۆمەڵەی چەکداریی شێخ ئەحمەد ئەلئەیسەر، کە چەندین جار بەرەنگاری سوپای وڵاتەکە بوونەتەوە و تاوەکو کۆتایی ساڵی ڕابردوو، شوێنی مانەوەی بە نهێنی مابووەوە.

کەی خۆی ڕادەست کرد؟
سەرەتای تشرینی یەکەمی 2025، لە دەروازەی کەمپی عەین حەلوەی فەڵەستیینییەکان لە سەیدای لوبنان، فەزڵ شاکر، گۆرانیبێژ و هونەرمەندی پێشووی لوبنان، کە لە وڵاتەکەدا بە تیرۆر تۆمەتبار بوو، خۆی ڕادەستی سوپای وڵاتەکە کرد.

06/05/2026