ئەمریکا 10 ملیۆن دۆلار پاداشتى بۆ زانیاریی لەسەر ئەکرەم کەعبى داناوە

ئەکرەم کەعبی، ئەمیندارى گشتیی بزووتنەوەی نوجەبا، کە یەکێکە لە گرووپەکانی مقاوەمەی ئیسلامی
ئەکرەم کەعبی، ئەمیندارى گشتیی بزووتنەوەی نوجەبا، کە یەکێکە لە گرووپەکانی مقاوەمەی ئیسلامی

وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا بڕى 10 ملیۆن دۆلار دەداتە هەر کەسێک کە زانیاریى بداتێ لەبارەى ئەکرەم کەعبى، ئەمینداری بزووتنەوەی نوجەباى عێراق. کەعبییش پەیامێک ئاڕاستەى گرووپەکانى مقاوەمە دەکات و چەکدانان بە هێڵى سوور ناودەبات.

"مێژووی هەیە لە بە ئامانجگرتنی هێزەکانی ئەمریکا"

وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، ئەکرەم کەعبى مێژوویەکى درێژى هەیە لە بەئامانجگرتنى هێزەکانى ئەمریکا و دامەزراوە دیپلۆماسییەکان لە عێراق، بۆیە داوادەکەن هەرکەسێک زانیارى لەسەر ئەو کەسە بدات، ئەوا خەڵاتێکى 10 ملیۆن دۆلارى پێدەدەن.

پەیام بۆ گرووپەکانی مقاوەمە

هاوکات، ئەکرەم کەعبى، لە ڕێگەى تۆڕى ئێکسەوە پەیامێکى ئاڕاستەى گرووپەکانى مقاوەمە کردووە و وەک خۆى دەڵێت، لەم ڕۆژانەدا کاربەڕێکەرى باڵیۆزخانەى خراپەکارى و گەندەڵیى ئەمریکا بە هاندانى ڕاستەوخۆى قەوارەى زایۆنى تاوانکار، قسەى زۆر لەبارەى چەکى پیرۆزى مقاوەمەى ئیسلامیی شەریف لە عێراق دەکات، ئەوەى جێگەى داخە هەندێکى کەم لەوانەى ڕۆچوون لە بەرژەوەندى دونیایی بوونەتە بڵندگۆى ئەو تاوانکارانە.

"شوڕەیی گوێگرتن بۆ هەندێک قسە"

بەگوتەى کەعبى، لە ڕوانگەى شەرعی و نیشتمانی و بەرپرسیار لەبەرامبەر هەموو برایانیان لە گرووپەکانى مقاوەمە، قسەکردن لەبارەى ئەو بابەتەوە ڕەتکراوەیە، شوورەییە گوێیان لە قسەیەک دەبێت کە هیچ نییە جگە لە دەنگى زایۆنى و ئەمریکى، لەکاتێکدا هێشتا وڵاتەکەیان داگیرکراوە، ئاسمانەکەى پێشێلکراوە و سەروەرییەکەى براوە.

چەکی مقاوەمە هێڵی سوورە

ئەمینداری بزووتنەوەى نوجەبا، لە وەڵامى داواکاریی ئەمریکا بۆ چەکداماڵینى گرووپە چەکدارەکان، دووپاتیدەکاتەوە، چەکى مقاوەمە هێڵى سوورە، ڕادەستى ناکەن ئەگەر گیانى خۆشیان دانابێت.

ڕۆژى هەینى 17ـى نیسانى 2026 وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا حەوت سەرکردەى گرووپە چەکدارەکانى عێراقى خستە لیستى سزادانى نێودەوڵەتى بە تۆمەتى پلاندانان و جێبەجێکردنى هێرش دژى بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا.

بەگوێرەى وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا، ئەو سەرکردانەى کە سزاکانى وڵاتەکەى دەیانگرێتەوە، سەر بە گرووپەکانى کەتیبەکانى حیزبوڵا و عەسائیبى ئەهلى هەق و سەیدولشوهەدا و بزووتنەوەى نوجەبا بوون.

ئەمریکا ئەو گرووپانە تۆمەتبار دەکات بە بەکارهێنانى درۆنى ئێرانى لە هێرشەکان بۆسەر هەرێمى کوردستان و بەرژەوەندییەکانى لە ناوچەکە.

پێشتریش بەشى پاداشتى سەربە وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا لە چەند ڕاگەیێنراوێکى جیاوازدا پێدانى بڕى 10 ملیۆن دۆلارى وەک پاداشت بۆ هەر کەسێک ڕاگەیاند کە زانیاریى بدات لەبارەى ئەحمەد حەمیداوى، ئەمیندارى کەتیبەکانى حیزبوڵا و ئەبوئالاى وەلائی، ئەمیندارى کەتیبەکانى سەیدولشوهەدا و حەیدەر غەڕاوى، ئەمیندارى گشتى بزووتنەوەى ئەنساروڵاى ئەوفیا.