
لەسلێمانى نەمام بەسەر گەشتیاراندا دابەشکرا، بەڕێوەبەرى پارک و باخچەکانى سلێمانى کە لایەنى جێبەجێکارى ئەم کارەیە دەڵێت، "هەموو ڕێگە و ڕێکارێک دەگرینەبەر بۆ زیادکردنى ڕووبەرى سەوزایی.

بەهرۆز سالار، بەڕێوەبەرى باخچەکانى سلێمانى بە کەناڵ8ى ڕاگەیاند، دروشمێکیان بەرزکردووەتەوە ئەویش ئەوەیە با پێکەوە شارەکەمان سەوزتربکەین، لەو چوارچێوەیەدا دەستیانکردووە بە دابەشکردنى نەمام بەسەر ئەوکەسانەى دەچنە گەشت و سەیران و ئەمەش دەبێتە هاندەرێک بۆ ئەوەى هاونیشتمانییان خۆشیان هەوڵى زیاتر سەوزکردنى سلێمانى بدەن.

بەڕێوەبەرى باخچەکانى سلێمانى جەختدەکاتەوە، هەڵمەتەکە تەنیا چاندنى نەمامێک نییە، بەڵکو ڕێگەیەکە بۆ هۆشیارکردنەوەى زیاترى هاونیشتمانییان لەڕووى باشترکردن و پاراستنى ژینگەوە.

لەهەڵمەتەکەدا کچان و کوڕانى بەڕێوەبەرایەتى پارک و باخچەکانى سلێمانى بەڕوویەکى خۆشەوە نەمامیان دەدایە هەر خێزانێک کە لە گەشت دەگەڕانەوە، 500نەمام دابەشکرا.


