
سەرۆک کۆماری ئێران هۆشداری لە گۆڕینی شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا دەدات و داوا لە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی دەکات هاوکار بن بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانە ئابوورییەکان.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، ڕۆژی یەکشەممە 10-05-2026 ڕایگەیاند، دوژمن دوای ئەوەی لە جەنگی سەربازیدا شکستی هێناوە، ئێستا هەوڵ دەدات جەنگەکە بگوازێتەوە بۆ گۆڕەپانی ئابووری. داواشی لە هاووڵاتیان کردووە کە هاوکار بن لە پووچەڵکردنەوەی ئەو پیلانە نوێیەی کە بۆ تێکدانی بژێوی وڵاتەکە داڕێژراوە.
پزیشکیان جەختی لە پێویستیی بڵاوکردنەوەی "کەلتووری دەستپێوەگرتن بە بەکارهێنانی وزە" کردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ئێستادا وڵات پێویستییەکی زۆری بە ڕێکخستنی شێوازی بەکارهێنان و پاشەکەوتکردنی سەرچاوەکانی وزە هەیە، تاوەکو بەرگەی فشارەکان بگرن و هاوسەنگیی ناوخۆیی بپارێزن.
سەرۆک کۆماری ئێران پێشتریش ڕایگەیاندبوو، هەر هەوڵێک بۆ سەپاندنی سنووردارکردن یان گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێراندا، دژی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و مەحکوومە بە شکست. بە بڕوای ئەو، ئاوە هەرێمییەکان مەیدان نین بۆ سەپاندنی بڕیاری تاکلایەنە و وڵاتەکەی ڕێگە نادات ئەم جۆرە هەنگاوانە ببنە ڕاستی.
پزیشکیان ڕایگەیاندووە کە دوژمن شێوازەکەی گۆڕیوە بۆ فشاری ئابووری و گەمارۆی دەریایی. جەختیشی کردووەتەوە کە ئامادەیی هێزە بیانییەکان لە ناوچەکەدا تەنیا دەبێتە هۆی زیادبوونی گرژی و تێکدانی سەقامگیریی ئاوە هەرێمییەکان، هەروەها هیچ خزمەتێک بە ئاسایشی ناوچەکە ناکات و تەنیا دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات.