دۆناڵد ترەمپ و شی جین پینگ لە پەکین کۆدەبنەوە؛ ئیلۆن مەسک و تیم کوک یاوەری سەرۆکی ئەمریکا دەکەن
لوتکەی پەکین دەستپێکی قۆناغێکی نوێیە لە پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان واشنتن و پەکین؛ ترەمپ بە سوپایەک لە سەرکردەکانی وۆڵ ستریت و سیلیکۆن ڤالییەوە دەیەوێت "ئەنجوومەنی وەبەرهێنانی هاوبەش" لەگەڵ چین دابمەزرێنێت.
شاندێکی باڵای ئابووری و بازرگانی
بەگوێرەی هەواڵێکی تۆڕی فۆکس نیوزی ئەمریکی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەم سەردانەیدا بۆ پەکین. ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئیلۆن مەسک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تێسلا و سپەیس ئێکس، یاوەری ترەمپ دەکات، ئەمەش دوای تێپەڕبوونی ئەو ناکۆکییە توندانەی لە ساڵی 2025 لە نێوانیاندا هەبوو. هەروەها تیم کوک، سەرۆکی ئەپڵ و لاری فینک، سەرۆکی بلاک ڕۆک لەگەڵ 10 سەرکردەی دیکەی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ئەمریکا لە ناو شاندەکەدان.
تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەی ترەمپ و شی جین پینگ
بڕیارە دۆناڵد ترەمپ و شی جین پینگ کۆبوونەوەیەکی ئاستبەرز ئەنجام بدەن کە تێیدا دۆسیە ئابوورییەکان و پەیوەندیی نێوان کۆمپانیاکان دەبنە چەقی گفتوگۆکان. ئامانجی سەرەکیی ترەمپ لەم گەشتە، داڕشتنەوەی هاوپەیمانییەکی ئابووریی نوێیە کە بەرژەوەندییەکانی هەردوولا بپارێزێت و گرژییەکانی ساڵانی ڕابردوو کەم بکاتەوە.
دروستکردنی ئەنجوومەنی وەبەرهێنانی هاوبەش
بەرپرسانی ئەمریکا ئاشکرایان کردووە، ترەمپ دەیەوێت لەگەڵ سەرۆکی چین پرسی دامەزراندنی "ئەنجوومەنی وەبەرهێنان" و "ئەنجوومەنی بازرگانی" نێوان هەردوو وڵات یەکلایی بکاتەوە. سەرکردە بازرگانییەکانی یاوەری ترەمپ، ڕۆڵێکی گرنگیان دەبێت لە داڕشتنەوەی ئایندەی پەیوەندییە ئابوورییەکان و بڕیارە لە پەراوێزی کۆبوونەوە سیاسییەکاندا، گفتوگۆی چڕ لەگەڵ لایەنی چینی بکەن.
دواکەوتنی گەشتەکە بەهۆی جەنگی ئێرانەوە
پێشتر بڕیار وابوو دۆناڵد ترەمپ لە کۆتاییەکانی مانگی ئازار یان سەرەتای نیساندا ئەم سەردانە بۆ چین ئەنجام بدات، بەڵام بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگی ئێران و تێکچوونی بارودۆخی ئەمنیی ناوچەکە، گەشتەکە بۆ ئێستا دواخرا تاوەکو بارودۆخەکە تا ڕادەیەک جێگیر بووەوە.
13/05/2026