ترەمپ و شی بەدەم پیاسەوە؛ لە گفتوگۆی سياسیی بۆ باسى گوڵ و باخچە ڕازاوەکانى ژۆنگنانهای

ساتى پیاسەکردنى دۆناڵد ترەمپ و شى جینپینگ لەناو باخچە و گوڵ و گوڵزارەکانى ژۆنگنانهای
ساتى پیاسەکردنى دۆناڵد ترەمپ و شى جینپینگ لەناو باخچە و گوڵ و گوڵزارەکانى ژۆنگنانهای

واديارە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمريکا، يەکێکە لەو کەسانەی حەزی لە گوڵ و گوڵزارە، چونکە چەند مانگێک لەمەوبەر فەرمانی بە نۆژەنکردنەوەی باخچەی گوڵەکانی کۆشکی سپی کرد و گلەیی ئەوەيکرد کە گوڵی زۆری تێدا نييە، ئەمڕۆش لە سەردانەکەی دا بۆ چين، سەرسامی خۆی بە گوڵەکانی باخچەی شوێنی مانەوەی شی جينپینگ سەرۆکی ئەو وڵاتە دەربڕی.

دەستپێک سیاسیی و بەگوڵ و باخچەش کۆتاییەکەى بوو

ترەمپ و شی لە لوتکەی دەستپێکی دیدارەکەیان دا بە گفتوگۆی گەرمی سياسی و ديپلۆماسی و بازرگانی و لەناو هۆڵە داخراوە فەرمييەکانەوە دەستيانپێکرد، بەڵام ديدار و گفتوگۆکانيان بە باسی گوڵ و گوڵزار و لەناو باخچە و کۆشکە ڕازاوەکان دا کۆتايیهات.

ترەمپ ڕۆیشتە ژۆنگنانهای

بەيانی ئەمڕۆ، ترەمپ سەردانی شوێنی حەوانەوەی سەرۆکی چينی کرد لە ژۆنگنانهای کە شوێنێکی داخراوە و کەم کەس بە ئاسانی پێی دەگات، پێش کۆبوونەوە و ديداری فەرمی، ئەو دوو سەرۆکە پياسەيەکيان بەناو باخچە مێژووييەکاندا کرد و شی خۆی لەپێش ترەمپەوە دەڕۆيشت و باسی باخچەکە و مێژووەکەی بۆ دەکرد و وەرگێڕەکانيشيان لەگەڵياندا بوون.

سەرسامى بە جوانى گوڵەکانى سەرۆک شى

لەناو ئەو ديمەنە جوانانەدا ترەمپ بەتايبەت سەرسامی خۆی بۆ گوڵەکانی باخچەکە دەربڕی و گوتی، "ئەمانە جوانترين گوڵن کە تائێستا بينيبێتی"، شی دڵی بەو قسەيە خۆشبوو زەردەخەنەی بۆ دەکرد. هەر لەو کاتەدا سەرۆکی چين بەڵێنيدا کە تۆوی گوڵەکانی باخچەی ژۆنگنانهای بە دياریی پێبدات، ترەمپيش يەکسەر گوتی، "زۆر حەزم لێی دەبێت".

ژۆنگنانهای باخچەیەکى ئیمپراتۆرى

سەرۆک شی، ئاماژەی بەوەشکرد، ژۆنگنانهای پێشتر باخچەیەکی ئیمپراتۆری بووە و ئێستاش کۆمەڵگەی سەرکردایەتی بەرپرسانی باڵای چینە، شوێنی نەوەکانی سەرکردەکانی چین بووە.

میواندارییەکە لەبەرامبەر مارئالاگۆ بووە

سەرۆکی چين دەشڵێت، "ئەم ميواندارييەی ترەمپ بۆ شوێنە تايبەتەکەی لەوەڵامی ئەوەدا بووە کە لەميانی سەردانەکەی ساڵی 2017ـی دا بۆ ئەمريکا، ترەمپ بانگهێشتی کردووە بۆ مارئالاگۆ کە شوێنی مانەوەی ترەمپە.

گرژى لەپەیوەندییەکان

ئەم ديدارە تايبەتە لە کاتێکدابوو، چەندين مانگە هەردوولا لە پەيوەندييەکی گرژدا بوون لەسەر پرسی باج و بازرگانی، پێش سەردانەکە، جيهان و بەرپرسانی پەکين و واشنتنيش چاوەڕوانی گفتوگۆی چڕوپڕ بوون لەپشت دەرگا داخراوەکانەوە، بەڵام لەبری ئەوە لەناو باخچە کراوەکان دا بینران.

تۆوى گوڵەکانى دا بە ترەمپ

ڕەنگە پێدانی ئەو ديارييەش کە گوڵ يان تۆوی گوڵە لەلايەن سەرۆکی چينەوە بە سەرۆکی ئەمريکا هەڵگری هێمايەک بێت و ئاماژەبێت بۆ ئاشتی و هاوڕێيەتی و ئارامگرتن، بەڵام کورد گوتەنى، گوڵەکان دڕکيشيان لەگەڵدايە، هەربۆيە ئەو هێمايەش هاوشێوەی پەيوەندييەکانی پەکين و واشنتن ئاڵۆزە.