
وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری پلەبەرزکردنەوەی بۆ زیاتر لە هەشت هەزار کارمەند و پلەدار واژۆ کرد و ڕایگەیاند، ئەمە مافێکی یاسایی خۆیانە لە بەرامبەر خزمەتەکانیان.
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پلەبەرزکردنەوەی 8,758 کارمەند و پلەداری وەزارەتی پێشمەرگەی لە چوارچێوەی خشتەکانی نەورۆزی 2026 ڕاگەیاند. ئەم بڕیارە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لە فیرقەکان و لیواکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەدا ئەرکەکانیان ڕادەپەڕێنن و شایستەی بەرزبوونەوەی پلەکانیان بوون.
وەزیری پێشمەرگە لە کاتی ڕاگەیاندنی بڕیارەکەدا جەختی لەوە کردەوە، ئەم پلەبەرزکردنەوەیە مافێکی شایستە و یاسایی کارمەند و پلەدارانە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمە وەک پاداشتێکە لە بەرامبەر ئەرککێشان و ماندووبوونی بەردەوامیان بۆ پاراستنی خاک، نیشتمان و دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان.
وەزیری پێشمەرگە پیرۆزبایی لەو کارمەند و پلەدارانە کرد کە پلەکانیان بەرزبووەتەوە و هیوای خواست ئەم هەنگاوە ببێتە پاڵنەرێکی بەهێزتر بۆ ئەوەی بەردەوام بن لەسەر پەرەپێدانی تواناکانیان. ئامانج لەم کارە، بەهێزکردنی توانای هێزەکانە لە پێناو پاراستنی زیاتری ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.