بڕیارەکەى سەدر بۆ هەڵوەشاندنەوەى سەرایا سەلام کاردانەوەی لێکەوتەوە

موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە
موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە

بڕیارەکەى موقتەدا سەدر ڕێبەرى ڕەوتى نیشتمانیی شیعە بۆ دەستبەرداربوون لە گرووپى سەرایا سەلام و تێکەڵکردنى بە حکومەت، بە وەرچەرخانێکى ستراتیجى و بە دەستپێشخەرییەکى گرنگ دادەنرێت بۆ نەهێشتنى دیاردەى چەکدارى لە دەرەوەى دەسەڵاتى دەوڵەت.

پشتگیری سەرۆکوەزیران لە بڕیارەکەی سەدر

عەلى زەیدى سەرۆکوەزیران، ڕایگەیاندووە، پێشوازی لە هەڵوێستە نیشتمانی و بەرپرسیارانەکەی موقتەدا سەدر دەکەن، کە ئامانج لێی پاڵپشتیکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت، چەسپاندنی شکۆ و سەروەریی یاسایە.

داواشی لە سەرجەم گرووپە چەکدارەکانی دیکە کرد، چاو لەو هەنگاوە بکەن و بچنە ژێر چەتری دەوڵەت و دامەزراوە فەرمییەکان.

پشتگیری و ستایشی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران

هاوکات هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، هەڵوێستەکەى موقتەدا سەدرى بە هەنگاوێکی گرنگ لە پشتیوانیکردنی شکۆی دەوڵەت و چەسپاندنی دەسەڵاتی یاسا ناوبرد.

حەلبووسی داواشیکرد، بەردەوامى بەو هەنگاوانە بدرێن کە هاوکار دەبن بۆ ئەوەى چەک تەنیا بەدەستی دەوڵەتەوە بێت.

دروستکردنی فشاری زیاتر بۆسەر گروپە چەکدارەکان

هەنگاوەکەى موقتەدا سەدر چاوەڕواندەکرێت فشارى زیاتر بخاتە سەر گرووپە چەکدارەکانى دیکە، بەتایبەت کە ئەمریکا دژى بەشداریکردنیانە لە حکومەت و هەڵوەشاندنەوەیانى کردووەتە مەرجى پشتیوانیکردنى حکومەتەکەى عەلى زەیدى.

شرۆڤەکارێکى سیاسى دەڵێت، هەندێک لە گرووپەکان ئامادەییان پیشانداوە چەکەکانیان ڕادەستبکەن، بەڵام دەیانەوێت لەبەرامبەر ئەو هەنگاوەدا دەستکەوتى سیاسى و پۆست لە حکومەت وەربگرن.

بۆچوونی شرۆڤەکاران لەسەر بڕیارەکەی سەدر

لەوبارەیەوە مەناف موسەوى، شرۆڤەکارى سیاسى گوتی "هەندێک لەو گرووپانە باسیان لەوەکردووە ئامادەن چەک ڕادەستبکەن، بەڵام پێدەچێت بە مەرجێک بێت، ئەو گرووپانە دەیانەوێت پرۆسەى ڕادەستکردنى چەک لەبەرامبەر وەرگرتنى دەستکەوتى سیاسى و وەزارەت و پۆستەکان بێت، پێموایە ڕاى ئەم گرووپانە ڕوون نییە، بەڵام سەید سەدر گرووپەکانى خستووەتە بەردەم دۆخێکى ئیحراجییەوە، گرووپەکان دوو بژاردەیان لەبەردەمدایە یا ئەوەتا دەستپێشخەرى بکەن چەکەکانیان ڕادەستبکەن و چەکدارەکانیان تێکەڵ بە دامەزراوە ئەمنییەکان بکەن، یاخود بەهۆى ئەو فشارەى هەیە ئەم بابەتە چارەسەر بکەن، چونکە ئەم بابەتە لە کارنامەى حکومەتدایە".

مێژووی دامەزراندنی گروپە سەرایا سەلام

موقتەدا سەدر لە 11ـى حوزەیرانى 2014 و ڕۆژێک دواى کۆنترۆڵکردنى ڕووبەرێکى فراوانى عێراق لەلایەن گرووپى داعشەوە، بڕیاریدا گرووپى سەرایا سەلام بۆ پاراستنى مەزارگەکان دروستبکات، دواى 12 ساڵ سەدر بە بڕیارێکى دیکە بڕیاریدا گرووپى سەرایا هەڵبوەشێنێتەوە و تێکەڵ بە دامەزراوە سەربازییەکانى دەوڵەتى بکات.