جوشوا هاریس: ستایشى بڕیارى کۆکردنەوەى چەک لە دەستى دەوڵەت دەکەین
جوشوا هاریس، کاربەڕێکەرى باڵیۆزخانەى ئەمریکا، لەگەڵ قاسم ئەعرەجى، ڕاوێژکارى ئاسایشی نیشتمانیى عێراق کۆبووەوە و ستایشى بڕیارەکەى چوارچێوەى هەماهەنگى کرد، بۆ کۆکردنەوەى چەک لە دەستى دەوڵەت.
تاوتوێکردنی ڕەوشی ناوچەکە و هەرێمایەتی کراوە
نووسینگەى ڕۆژنامەوانیى ڕاوێژکارى ئاسایشى نیشتمانیى عێراق ڕاگەیێنراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە کراوە، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێى ڕەوشى هەرێمایەتى و نێودەوڵەتى و دوا پەرەسەندنەکانى ناوچەکە کراوە، هاوکات ستایشى بڕیارەکەى چوارچێوەى هەماهەنگى کرا بۆ پاڵپشتیکردنى ڕێکارەکانى حکومەت لە کۆکردنەوەى چەک لە دەستى دەوڵەت.
بە بایەخەوە سەیرکردنی ڕاگەیێنراوەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی
باس لەوەشکراوە، ڕاگەیێنراوەکەى چوارچێوەى هەماهەنگى بە نەخشەڕێگایەک دادەنرێت بۆ سەقامگیریی وڵات و دوورکەوتنەوە لە هەموو ئەو کارانەى کە زیان بە ئاسایش و سەقامگیریى عێراق دەگەیێنێت.
بەردەوامی هەماهەنگی و هاوبەشی ئەمریکا
لە بەشێکى دیکەى ڕاگەیێنراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بەردەوامبوونى هەماهەنگى و هاوبەشى نێوان عێراق و ئەمریکا بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانى هەردوولا بەگوێرەى بەرژەوەندییە هاوبەشەکان کراوە.
جەختکردنەوە لە پشتیوانی ئەمریکا بۆ حکومەتی عێراق
کاربەڕێکەرى باڵیۆزخانەى ئەمریکا جەختى لەسەر پشتیوانیی حکومەتى ئەمریکا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکاى بۆ حکومەتى عێراق کردووەتەوە و ئاماژەى بەوەش کردووە، ئەمریکا پشتیوانی لە عێراقێکى سەربەخۆ دەکات.
درەنگانێکى شەوى ڕابردوو چوارچێوەى هەماهەنگى کۆبووەوە و بڕیارى پچڕاندنى پەیوەندیى سیاسى و حیزبی لەگەڵ دەستەى حەشدى شەعبی دا، لەگەڵ جەختکردنەوە لە کۆکردنەوەى چەک لە دەستى دەوڵەت.
02/06/2026