کەتیبەکانى سەیدولشوهەدا چەکدانان ڕەتدەکاتەوە
کەتیبەکانى سەیدولشوهەدا، پرۆسەی چەک دانان ڕەتدەکاتەوە، گوتەبێژى گرووپەکەش دەڵێت، تاوەکو هێزى ئەمریکى لە عێراقدا بن، چەک دانانێن.
چەکدانان و چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق پێکەوە گرێ دراوە
کازم فەرتووسى، گوتەبێژى کەتیبەکانى سەیدولشوهەدا لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵ8 ڕایگەیاند، چەکدانانى کەتیبەکانیان بەندە بە دەرچوونى هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق و کۆتاییهاتنى هەڕەشە دەرەکییەکانى سەر سەروەریی عێراق.
هیچ گفتوگۆیەکیان لەگەڵ حکومەتی عەلی زەیدی نییە
جەختیشیکردەوە، هیچ گفتوگۆیەکیان لەگەڵ حکومەتەکەى عەلى زەیدى نییە لەبارەى پرۆسەى چەکدانان، هەرکاتێک هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق دەرچوون ئامادەن چەک ڕادەستى دەوڵەت بکەن، وەکخۆی دەڵێت.
بڕیار لە دەرەوەی عێراق وەرناگرن
گوتەبێژى کەتیبەکانى سەیدولشوهەدا ڕاشیگەیاند، هەڵوێستەکانیان عێراقییە و بڕیار لە دەرەوەى عێراق وەرناگرن.
میژووی دامەزراندنی کەتیبەکانی سەیدلشوهەدا
کەتیبەکانى سەیدلشوهەدا، لە ساڵى 2013 دامەزراوە بۆ پاراستنى مەزارگەکانى شیعە، ئەبوئالاى وەلائى ئەمیندارى کەتیبەکانى سەیدولشوهەدایە و بەشێکە لە بەرەی مقاوەمەى ئیسلامى.
ئەمریکا و عێراق لەسەر پلانەکانی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن و بەگوێرەى لێتێگەیشتنەکەش، تاوەکو مانگی ئەیلوولی 2025 سەدان سەرباز عێراقیان جێهێشتووە و دوایین وادەش بۆ کشانەوەی یەکجارەکی، کۆتایی ساڵی 2026 دەبێت.
ئەمریکا نزیکەی دوو هەزار و 500 سەربازی لە عێراق و 900 سەربازی لە سووریا هەیە، کە بەشێکن لە سوپای هاوپەیمانی لەو وڵاتانە و لە ساڵی 2014ـەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی "داعش" پێکهێنرا.
2 کاتژمێر پێش ئێستا