وەرچەرخانێکی مێژوویی لە عێراق؛ سەرایا سەلام وەک یەکەم گرووپ چەکەکانی ڕادەستی دەوڵەت کرد و هەڵوەشایەوە
پڕۆسەی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت دەچێتە قۆناغێکی کردەیی و هێزەکانی سەرایا سەلام وەک یەکەم لایەنی چەکدار، دەستبەرداری باڵە سەربازییەکەیان دەبن و دەچنە پاڵ دامەزراوە فەرمییەکانی عێراق.
دەستپێکردنی پڕۆسەکە لە سامەرا
ئەمڕۆ 4ـی حوزەیرانی 2026، هێزەکانی سەرایا سەلام لە بارەگای سەرەکی خۆیان لە شاری سامەرا دەستیان بە ئامادەکاری کردووە بۆ ڕادەستکردنی چەکەکانیان بە حکومەتی عێراق. ئەم هێزە کە خاوەنی 3 لیوایە لە ناو پێکهاتەی حەشدی شەعبیدا، وەک یەکەم گرووپی چەکدار بە دەم داواکارییەکەی حکومەتەوە دەچێت بۆ داماڵینی چەک.

بڕیارەکەی سەدر و مۆڵەتی هەفتەیەک
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە لە 26ـی مانگی ڕابردوو، موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، بڕیاری جیاکردنەوەی باڵی سەربازی لە ڕەوتەکەی ڕاگەیاند. سەدر مۆڵەتی یەک هەفتەی دایە سەرایا سەلام بۆ ئەوەی بە تەواوی لە ڕەوتەکە جیا ببنەوە و چەکەکانیان ڕادەست بکەن و بچنە پاڵ ڕیزەکانی هێزە فەرمییەکانی حکومەتی عێراق.
مێژووی دروستبوون و هەڵوەشانەوە
گرووپی سەرایا سەلام لە 11ـی حوزەیرانی 2014، تەنیا یەک ڕۆژ دوای کۆنترۆڵکردنی ڕووبەرێکی فراوانی عێراق لەلایەن داعشەوە دروستکرا. ئەرکی سەرەکی ئەم گرووپە پاراستنی مەزارگە ئایینییەکان بوو، بەڵام ئێستا و دوای 12 ساڵ لە کارکردن، بە بڕیارێکی سەدر ئەم هێزە هەڵدەوەشێتەوە و تێکەڵ بە دامەزراوە سەربازییەکانی دەوڵەت دەکرێت.

پشتگیری بۆ حکومەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان
بەرنامەی کاری کابینەکەی زەیدی لەسەر کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا چڕبووەتەوە. شارەزایان پێیان وایە ئەم هەنگاوەی سەدر نەک هەر دەرگای ڕازیبوونی واشنتن بەڕووی بەغداددا دەکاتەوە، بەڵکو فشار دەخاتە سەر لایەنەکانی دیکەی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ ئەوەی ئەوانیش دەستبەرداری گرووپە چەکدارەکانیان ببن، ئەمەش پاڵپشتییەکی بەهێز دەبێت بۆ سەقامگیریی عێراق.
مەرجەکانی ڕێککەوتنی چەکدانان
بەپێی دەقی ڕێککەوتنی نێوان حکومەت و گرووپە چەکدارەکان، پڕۆسەکە چەند قۆناغێک لەخۆ دەگرێت، لەوانە: تۆمارکردنی چەکە قورسەکان، پچڕاندنی پەیوەندیی لیواکانی حەشد بە گرووپە سیاسییەکانەوە، و گۆڕینی ناوی ئەو لیوایانەی ناوی گرووپەکانیان هەڵگرتووە. لە بەرامبەردا حکومەت پابەند دەبێت بە دابینکردنی یاسای خانەنشینی بۆ چەکدارەکان و پێدانەوەی پۆستە سەربازییەکان بە ئەندامانیان لە ناو پێکهاتە فەرمییەکانی دەوڵەتدا.
بەرنامە و پلانى کابینەکەى زەیدى
بەرنامەى کارى کابینەکەى زەیدى کە لە کۆکردنەوەى چەک لە دەستى دەوڵەت چڕ کراوەتەوە و ڕۆژی 3ـی حوزەیران بڕیاریدا بە پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەیوەستبوون بە حەشدی شەعبی.
سەرایا سەلام چۆن دروستکرا؟
موقتەدا سەدر لە 11ـى حوزەیرانى 2014 و ڕۆژێک دواى کۆنتڕۆڵکردنى ڕووبەرێکى فراوانى عێراق لەلایەن گرووپى داعشەوە، بڕیاریدا گرووپى سەرایا سەلام بۆ پاراستنى مەزارگەکان دروستبکات، دواى 12 ساڵ سەدر بە بڕیارێکى دیکە بڕیاریدا گرووپى سەرایا هەڵبوەشێنێتەوە و تێکەڵ بە دامەزراوە سەربازییەکانى دەوڵەتى بکات.

دەستپێشخەریی سەدر
دەستپێشخەرییەکەی موقتەدا سەدر بۆ دوورکەوتنەوە لە گرووپە چەکدارەکان، کاردانەوەی خێرای سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لێکەوتووەتەوە و تاوەکو ئێستا گرووپەکانى عەسائیبى ئەهلى حەق، بەدر، ڕەوتى نیشتمانیی شیعە، کەتیبەکانى ئیمام عەلى، بڕیاریانداوە پەیوەستبوونیان بە باڵە سەربازییەکان و حەشدى شەعبى ڕاگەیاندووە، بەڵام گرووپەکانى نوجەبا و حیزبوڵا و سەرایا ئەولیاء دەم و ئەسحابولکەهف ڕەتیانکردووەتەوە چەک دابنێن.

2 کاتژمێر پێش ئێستا