
عەممار حەکیم، سەرۆکى هاوپەیمانیى هێزەکانى دەوڵەت ڕایگەیاند، پێشمەرگە هێزێکی فەرمییە هاوشێوەی حەشدی شەعبی و داواى پێکهێنانى هاوپەیمانێتییەکى درێژخایەنى لە نێوان شیعە و سوننە و کورد کرد.
عەممار حەکیم، سەرۆکى هاوپەیمانیى هێزەکانى دەوڵەت لە میانەى پێشکەشکردنى بابەتێک لە ڕێوڕەسمى کردنەوەى ماڵى مام لە شارى بەغداد و لەبارەى کۆکردنەوەى چەک لە دەستى دەوڵەت، پشتیوانیى خۆى بۆ پڕۆسەکە دووپات کردەوە و وەک ڕاستییەکی دەستووری و یاسایی و ڕاسپاردەیەکی نەگۆڕی مەرجەعییەت ناوى برد و ستایشی مامەڵەی بەرپرسانەی گرووپە چەکدارەکانیشی کرد لەگەڵ ئەم دۆسیەیەدا.
سەبارەت بە هێزەکانى پێشمەرگەش، عەممار حەکیم جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، پێشمەرگە هێزێکی فەرمییە هاوشێوەی حەشدی شەعبی.
گوتیشى، ڕێکخستنەوەی دۆخی حەشدی شەعبی دەبێتە دەروازەیەکی سروشتی بۆ ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و بەستنەوەیان بە مەرجەعییەتێکى سەربازیی دیاریکراو .
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا عەممار حەکیم داواى کرد، پرەنسیپى زۆرینەى نیشتمانى پەیڕەو بکرێت و پێشنیازى پێکهێنانى هاوپەیمانێتییەکى درێژخایەنى لەنێوان سێ پێکهاتە سەرەکییەکەى عێراق (شیعە و سوننە و کورد) کرد.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هاوپەیمانییە دەکرێت ببێتە چارەسەرێکی کاریگەر لە ڕێگەی لێکتێگەیشتنەکانی پێش هەڵبژاردنەوە. هاوکات دانی بەوەدا نا، جێبەجێکردنی ئەم دیدگایە پێویستی بە کاتی زیاتر هەیە، سەرەڕای بوونی لێکنزیکبوونەوەیەکی بەرچاو لە نێوان پێکهاتەکاندا.
لە خوێندنەوەی بۆ دۆخی کوردیش، عەممار حەکیم گوتى، دەنگی کوردی ئێستا لە بەغدادەوە نزیکترە و ئەمەشى بە دەروازەیەک بۆ چارەسەرکردنی زۆرێک لە کێشەکان دانا.
