
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵی دادگەریی ڕایدەگەیەنێت، دەسەڵاتە شەرعییەکان لە هەرێمی کوردستان پەکخراون و جەخت لە پێویستی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و دروستکردنی هێزێکی نیشتمانی دەکاتەوە.
فەخرەدین قادر، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی پەیوەندییەکانی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ڕایگەیاند، هەرچەندە ئەوان بایکۆتی ئەم خولەی پەرلەمانیان کردووە، بەڵام پێیان وایە دەبێت هەرێمی کوردستان خاوەن حکومەت و پەرلەمان بێت. ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا دەسەڵاتە شەرعییەکان لە هەرێمی کوردستان پەکخراون و دەسەڵاتی دادوەری لەژێر پرسیاردایە، بۆیە پێویستە بەگوێرەی هەلومەرجی ئێستا دەسەڵاتە شەرعییەکان بەگەڕبخرێنەوە.
سەبارەت بە سەردانی شاندە بیانییەکان، فەخرەدین قادر بۆ کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، هاتنی تۆم باراک گەیاندنی پەیامی ئەمریکایە بەوەی سیاسەتی ئەوان گرنگیدانە بە ناوەند و یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە. باسی لەوەشکرد کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاودێری وردی پرۆسەی یەکخستنی هێزەکان دەکات.
لێپرسراوی پەیوەندییەکانی کۆمەڵی دادگەری جەختی لەوە کردەوە، دەبێت هەرێمی کوردستان خاوەن هێزی نیشتمانی بێت و هەمووان لە چوارچێوەی دەسەڵاتی دامەزراوە شەرعییەکاندا بن. هەروەها سەبارەت بە پرسی ڕادەستکردنی چەک بە دەوڵەت، ئاماژەی بەوە کرد کە پشتگیری لەو هەوڵە دەکەن و ئەوە بە هەنگاوێکی باش بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق دادەنێن.