بەڕێوەبەرایەتی دارستانی سلێمانی: بەهۆی نەبوونی کرێکارەوە مەترسی لەسەر دارستانەکان هەیە

رۆز سەڵاح 3 کاتژمێر پێش ئێستا
بەهرۆز سالار، بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی
بەهرۆز سالار، بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی

بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی هۆشداریی لە نەبوونی بودجە بۆ دامەزراندنی کرێکار دەدات و ڕایدەگەیەنێت، ئەم کێشەیە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر پاراستنی دارستانە سروشتییەکان و بەرهەمهێنانی نەمام دروست کردووە.

پێویستیی بەپەلە بە 94 کرێکار بۆ پاراستنی ژینگە

بەهرۆز سالار، بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاندووە، ساڵی ڕابردوو لە تەواوی سنووری ئیدارەی سلێمانی و ڕاپەڕین پێویستییان بە 94 کرێکار هەبووە بۆ پاراستنی دارستانەکان و نەمامگەکان، بەڵام بەهۆی تەرخاننەکردنی بودجە و نەبوونی پارەی پێویست، ئەو کرێکارانەیان بۆ دابین نەکراوە. لەو ژمارەیەش، 70 کرێکاریان بۆ پاراستنی دارستانە سروشتییەکان و 24 کرێکاری دیکەشیان بۆ کارکردن لەو 5 نەمامگەیە پێویست بووە کە ساڵانە سەدان هەزار نەمام بەرهەم دەهێنن.

ئەو ناوچانەی مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە

بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی ئاماژەی بەوە کردووە، ئەگەر بۆ ساڵی داهاتوو کرێکار دابین نەکرێت، مەترسیی جیددی لەسەر دارستانەکانی دەوروبەری سلێمانی، ڕانیە، قەڵادزێ، بانی مەقان، دەربەندیخان، سەیدسادق، پێنجوێن و شارباژێڕ دروست دەبێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە کرێی ڕۆژانەی هەر کرێکارێک تەنیا 20,000 دینارە، بەڵام تا ئێستا ئەو بڕە پارەیە تەرخان نەکراوە.

بەرهەمهێنانی نەمام لە ساڵی 2026 سەرەڕای گرفتەکان

سەرەڕای کەمیی تواناکان و نەبوونی کرێکاری پێویست، ئەو 5 نەمامگەیەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی سلێمانی، بۆ ساڵی 2026 توانیویانە بڕێکی زۆر نەمام دابین بکەن. بە جۆرێک 75,000 نەمام بۆ بەڕێوەبەرایەتی باخچەکان، 14,000 نەمام بۆ هەواری شار و 11,000 نەمام بۆ زانکۆی سلێمانی دابین کراوە، جگە لەوەی بۆ هەر شارەوانییەک زیاتر لە 5,000 نەمامیان بە شێوەی بەخشین پێداون.

رۆز سەڵاح

3 کاتژمێر پێش ئێستا