زانیاریی کەناڵ8؛ وردەکاریی ڕێککەوتنی زەیدی و ئەمریکا بۆ چەکداماڵینی گرووپەکان
نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر دوو پرسی هەستیار کۆبوونەوە و تێیدا مەرجی توند بۆ داهاتووی گرووپە چەکدارەکان و پرسی گەندەڵی لە عێراق دانراوە.
وادەی کشانەوەی ئەمریکا و پرسی چەکدانان
بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8، بڕیارە لە مانگی 9ـی ئەمساڵدا هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی "هەریر" لە هەولێر بکشێنەوە، کە ئەمە دوایین بنکەی سەربازیی ئەمریکایە لە عێراق. ڕێککەوتنەکە بە دەستنووس واژۆ کراوە و دوای ئەو بەروارە، هیچ بیانوویەک بۆ مانەوەی چەکی گرووپە چەکدارەکان نامێنێت و دەبێت هەموو جۆرە چەکێکی قورس و درۆن ڕادەستی دەوڵەت بکەن.
ئەو گرووپانەی ڕەزامەند نین
هەریەکە لە "کەتیبەکانی حزبوڵا، نوجەبا و سەیدولشوهەدا" تاوەکو ئێستا ڕەتیانکردووەتەوە چەک دابنێن. ئەگەر لە دوای مانگی 9ـەوە بەردەوام بن، ڕووبەڕووی بایکۆتی لایەنە سیاسییەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی دەبنەوە و پرۆسەیەکی ئەمنیی فراوان بەناوی "چەسپاندنی یاسا" لە دژیان دەستپێدەکات.
هاوکاریی ئەمریکا بۆ حکومەتی زەیدی
تۆم باراک، نێردەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا دووپاتی کردووەتەوە کە وڵاتەکەی پشتگیریی زەیدی دەکات لە جێبەجێکردنی یاسا، پرۆسە ئەمنییەکە لەلایەن عێراقەوە بەڕێوەدەچێت بەڵام لە کاتی پێویستدا سوود لە هاوکاریی ئاسمانیی ئەمریکییەکان وەردەگیرێت. ئێستاش کەسایەتییەکی باڵای عێراقی بە ئاگاداری ئەمریکا و بەریتانیا سەرقاڵی دانوستانە لەگەڵ ئەو 3 گرووپە بۆ ئەوەی بێنە ژێرباری یاسا.
مەرجی 4 ساڵ دوورکەوتنەوە لە حکومەت
ئەمریکا مەرجی بۆ عەلی زەیدی داناوە کە ئەو گرووپانەی چەک ڕادەست دەکەن، تاوەکو 4 ساڵی دیکە و واتە تاوەکو هەڵبژاردنی داهاتوو، بۆیان نییە بەشداری لە حکومەتدا بکەن. ئەم بڕیارە ئەو لایەنانە ناگرێتەوە کە لە لیستی سزاکاندا نین، وەک ڕێکخراوی بەدر بە سەرۆکایەتی هادی عامری.
مەرجەکانی گرووپە چەکدارەکان بۆ ڕادەستکردنی چەک
ئەو گرووپانەی تاوەکو ئێستا چەکیان ڕادەست نەکردووە، داوای گەرەنتی یاسایی دەکەن بۆ ئەوەی سەرکردەکانیان ڕووبەڕووی دادگا نەبنەوە. هەروەها داوا دەکەن حکومەتی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا سوپاسیان بکات و کارەکانی ڕابردوویان بە "نیشتمانی" وەسف بکات بۆ ئەوەی پارێزبەندییان بۆ فەراهەم بکرێت.
لێدان لە "سەرە گەورەکان"ی گەندەڵی
لە پرسی گەندەڵیدا، ئەمریکا داوای کردووە عێراق سەرە گەورەکانی گەندەڵی دەستگیر بکات، چونکە بەشێکی زۆری ئەو پارانە بۆ پارەدارکردنی گرووپە چەکدارەکان بەکارهاتوون. ئێستا لێکۆڵینەوە لە سامانی کۆمەڵێک کەسایەتی دیاری شیعە، سوننە و کەسایەتییەکی کورد دەکرێت.
دانپێدانانە نوێیەکان
عەدنان جومەیلی، بریکاری دەستگیرکراوی وەزارەتی نەوت، لە دانپێدانانەکانیدا ناوی چەند کەسێکی هێناوە. هەروەها یەکێکی دیکە لە تۆمەتبارە سەرەکییەکانی گەندەڵی، سەرکردەیەکی دیاری یەکێک لەو گرووپانەیە کە پێشتر چەکیان ڕادەستی دەوڵەت کردووە.
4 کاتژمێر پێش ئێستا