وەزارەتى بەرگریى عێراق: لە دۆسیەى کۆکردنەوەى چەک لەدەستى دەوڵەت سەرکەوتنى گەورەمان بەدەستهێناوە

ئارام قەرەداغی 2 کاتژمێر پێش ئێستا

گوتەبێژى وەزارەتى بەرگریى عێراق ڕایگەیاند، سەرکەوتنى گەورەیان لە دۆسیەى کۆکردنەوەى چەک لە دەستى دەوڵەت بەدەستهێناوە، دەڵێت چەکە قورسەکان دەدرێنە وەزارەتى بەرگرى، پاشان وەزارەتى ناوخۆ، هیچ کاتێکیش بۆ کۆتایی ئەم پرۆسەیە دیارینەکراوە، چونکە پرۆسەکە پێویستى بە کات و نەرمى نواندنە.

بەدەمەوەچوونى لایەنەکان

لیوا تەحسن خەفاجى، بەڕێوەبەرى ڕاگەیاندن و ئاڕاستەکردنى مەعنەوەیى وەزارەتەکە ڕایگەیاند، پرۆسەى کۆکردنەوەى چەک لە دەستى دەوڵەت، سەرکەوتنى گەورەى بەدەستهێناوە، چونکە ئەولایەنانەى چەکەکانیان لابووە، بەدەمەوەچوونى زۆرباشیان بۆ پرۆسەکە هەیە و هاوکارن.

فەرماندەیی هێزە چەکدارەکان سەرپەرشتى پڕۆسەکە دەکات

خەفاجى دەڵێت، ئەم دۆسیەیە، دۆسییەکى هەستیار و ئاڵۆزە، ڕێکارەکانى مامەڵەکردن، ڕادەستکردن و وەرگرتن و دابەشکردنى چەکەکان دیارییکراوە، لیژنەیەکى باڵا سەرپەرشتى دەکات، بەسەرۆکایەتى جێگرى فەرماندەى ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان و سکرتێرى سەربازیى ئەنجوومەنى وەزیران و ئەندامێتیى دوو ڕاوێژکارى یاسایی وەزارەتى ناوخۆ و بەرگرى و ژمارەیەک کارمەندى کارگێڕى.

قۆناغەکانى ڕادەستکردن

لەبارەى شێوازى کۆکردنەوەى چەکەکان، تەحسن خەفاجى دەڵێت، سێ قۆناغە، قۆناغى یەکەم ڕادەستکردنى چەکە بچووکەکانە کە ئەم قۆناغە مامەڵەکردنە لەگەڵ چەندین جۆر چەک، قۆناغى دووەم ڕادەستکردنى چەکە مام ناوەندەکانە کە دەدرێتە چەند دامودەزگایەک، قۆناغى سێیەمیش مامەڵەکردنە لەگەڵ چەکە قورسەکان بەتەنیا دەدرێتە وەزارەتى بەرگرى و پۆلیسى فیدراڵى و هێزى وەڵامدانەوەى خێراى وەزارەتى ناوخۆ کە بەشێک لە چەکەکان پێویستیان بە کۆگاى تایبەتە بۆ هەڵگرتن.

بەرنامەى کابینە وزارییەکەى زەیدى

تەوەرى سەرەکیى بەرنامەى کابینە وزارییەکەى عەلى زەیدى کۆکردنەوەى چەکە لەدەستى دەوڵەت و تاوەکو ئێستا ژمارەیەک لە گرووپە چەکدارەکان ڕژدن لەسەرئەوەى چەکەکانیان ڕادەستى دەوڵەت نەکەن

ئارام قەرەداغی

2 کاتژمێر پێش ئێستا