ئێل نینۆ بەهۆی گۆڕانکاری کەشوهەواوە ڕوو لە زەوی دەکات و دەبێتە هۆی گەرمبوونی نائاسایی
دیاردەی 'ئێل نینۆ' بەهۆی کاریگەریی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە دروست دەبێت و ئەم هاوینە بەهۆی ئەم دیاردەیەوە گەرمترین هاوینی مێژوو دەبێت.
پێناسی دیاردەکە و کاریگەرییە سەرەتاییەکانی
ئەم دیاردەیە بریتییە لە بەرزبوونەوەی نائاسایی پلەی گەرمای ڕووی ئاوەکانی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی زەریای هێمن، کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر جووڵەی با و بەرگەهەوا هەیە و گۆڕانکاریی ڕاستەقینە لە کەشوهەوای جیهاندا دروست دەکات و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، دروستبوونی زریان و لافاو بەجۆرێکی چاوڕواننەکراو، وەک دروستبوونی لافاو لە وەرزی هاویندا، یان هاتنی شەپۆلێکی گەرما لە زستاندا.
سەرهەڵدانی "سوپەر ئێل نینۆ" لە ساڵی 2025دا
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی فەرمانگەی نیشتمانیی بەرگەهەوا و ئۆقیانووسەکان، ئێستا دیاردەی ئێل نینۆ دەستی پێکردووە و پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ کاریگەرییەکەی زۆر بەهێزتر بێت لەوەی 2023 - 2024، کە ئەمساڵ بە "سوپەر ئێل نینۆ" ناویان ناوە. دیاردەکە گۆڕانکاریی گەورە لە ڕەوتی کەشوهەوای جیهانی دروست دەکات و پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی چاوڕواننەکراو بەرز دەکاتەوە. بەگشتی دیاردەکە چەند مانگێک دەخایەنێت، زۆر جار بۆ چەند ساڵێکیش درێژ دەبێتەوە؛ ئەمساڵیش لە وەرزی پایز بەردەوام دەبێت و ئەگەری زۆرە لە زستانیشدا بەردەوام بێت.
بەرزبوونەوەی پێوانەیی پلەکانی گەرما لە مێژوودا
ئەمەی ئەمساڵ بە گەورەترین ڕووداوەکانی ئێل نینۆ لە تۆماری مێژووییدا دادەنرێت لە دوای ساڵی 1950وە؛ پلەی گەرمای ئاوی زەریای هێمن بۆ زیاتر لە 2 پلەی سیلیزیی سەروو تێکڕای ساڵانە بەرز دەبێتەوە.
ڕووداوەکانی سوپەر ئێل نینۆ تاوەکو ڕادەیەک دەگمەنن، دواین جار لە ساڵانی 2015، 1997 و 1982دا ڕوویان داوە، بەڵام ئێل نینۆی ئاسایی بەنزیکەیی چەند ساڵ جارێک تۆمار کراوە و دواینیان ساڵی 2023 بۆ 2024 بوو کە هۆکارێک بوو بۆ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و بەم هۆیەوە ساڵی 2024 بە گەرمترین ساڵ دەستنیشان کرا. زانایانی کەشناسی پێشبینی دەکەن بەهۆی دیاردەکەوە ساڵی 2027 ڕیکۆردی 2024 بشکێنێت و ببێت بە ساڵێکی گەرمتر.
تێکچوونی هاوسەنگیی کەشوهەوای جیهانی
لەبەر ئەوەی ئێل نینۆ بریتییە لە گواستنەوەی بڕێکی زۆر لە وزەی گەرمی لە زەریاوە بۆ بەرگەهەوا، ئەم دیاردەیە کاریگەریی لەسەر کەشوهەوای جیهان دەبێت. تێکڕای پلەی گەرمای ڕووی زەوی بەرز دەکاتەوە و تێکچوون لە دۆخی کەشوهەوادا دروست دەکات، بەجۆرێک دەبێتە هۆی هاتنی شەپۆلی گەرما، لافاو، وشکەساڵی و زریان، بەگوێرەی شوێنەکە.
کاریگەرییەکەی لە وەرزە جیاجیاکاندا
لە ئەمریکا کاریگەرییەکانی زیاتر لە مانگەکانی زستاندا دەردەکەون، لە هەندێک شوێنی وەک هیندستان و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیاش کاریگەرییەکەی لە هاویندا دەردەکەوێت، کە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بارانبارینی وەرزی و ئەم نیشانەیەش لە ئێستاوە دەستی پێکردووە؛ کەمبوونەوەی بارانبارین لەم ناوچانەش بە واتای وشکبوونی زەوی و هاتنی شەپۆلی گەرمای بەهێز دێت.
واتای وشەی "ئێل نینۆ" و مێژووی ناونانی
ئێل نینۆ وشەیەکی ئیسپانییە، بە واتای منداڵی بچووک یان منداڵی عیسای مەسیح دێت؛ هۆکاری ناونانەکەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لەماوەی جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی عیسا، ماسیگرەکانی ئەمریکای لاتین هەستیان بە گەرمبوونی نائاسایی زەریاکان کردووە. لەو کاتەوە کە سەدەی 17 بووە، دیاردەکەیان بەو ناوەوە ناوناوە.
3 کاتژمێر پێش ئێستا