
وەزارەتی بازرگانیی عێراق ڕایگەیاند، خزمەتگوزاریی جیاکردنەوەی خانەی خێزانیان لە تەواوی پارێزگاکانی عێراق لە فۆڕمی ئەلیکترۆنی چالاک کردووە، هاوکات بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیى هەرێمى کوردستان بە کەناڵ8ـى ڕایگەیاند، لە مڕۆوە فۆڕمى ئەلیکترۆنى بۆ ئەو هاوسەرانەى کە تاوەکو ئێستا فۆڕمیان نییە کاراکراوە.
وەزارەتەکە لە ڕاگەیێنراوێکدا دەڵێت، ئەمرۆ دووشەممە خزمەتگوزاریی جیاکردنەوەی خانەیان لە سەرتاسەری پارێزگاکان و لەڕێگەی ئەپڵیکەیشتنی فۆڕمی ئەلیکترۆنی خێزان چالاک کردووە.
تاڵیب نیعمە، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتەکە دەڵێت، ئەو هەنگاوە لە چوارچێوەی پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکانی فۆڕمی خۆراک و ئاسانکاری ڕێکارەکان دێت بۆ هاوڵاتییان لەڕێگەی بەکارهێنانی سیستمی ئەلیکترۆنی پێشکەوتووەوە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وەزارەتی بازرگانیی عێراق، خزمەتگوزاری جیاکردنەوەی خانەی خێزانیی لە پارێزگاکانی دهۆک، واست، بابل و دیالە چالاک کرد بوو.
ماوەی چەند ساڵێک بوو خزمەتگوزاریی جیاکردنەوەی خانەی خێزان لە تەواوی عێراق ڕاگیرابوو، هەزاران کەس و بە تایبەت ئەوانەی تازە هاوسەرگیرییان کردبوو، چاوەڕوانی دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی جیاکردنەوەی خانەی خێزانی بوون.
هاوکات نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیى هەرێمى کوردستان بە کەناڵ8ـى ڕایگەیاند، لە مڕۆوە لەسەرجەم شاروشارۆچکەکان پرۆسەى جیاکردنەوەى خانە خێزان یان زیادکردنى فۆڕمى ئەلیکترۆنى بۆ ئەو هاوسەرانەى کە تاوەکو ئێستا فۆڕمیان نییە کاراکراوە.
ئاماژەى بەوەشکرد، لەم قۆناغەدا سەرجەم ئەو هاوسەرانەى کە لەسەر ماڵى باوکى کوڕەکە تۆمارکراون دەتوانن ببن بە خاوەنى فۆڕمى خۆیان و لە قۆناغەکانى ئایندەشدا خزمەتگوزارى دیکە بۆ ئەوانەى هەریەکەیان لەسەر ماڵى باوکى خۆى تۆمارکراوە کارا دەکرێت.
بەگوێرەى ئامارەکان، ئەو هاونیشتمانییانەی لە فۆڕمی ئەلیکترۆنیی بەشەخۆراک لە هەرێمی کوردستان ناویان تۆمارکراوە لە سلێمانى گەیشتووەتە 93.82%، لە هەولێر 94.29%، لە دهۆک، 94.14%یە و هەڵەبجەش 96.98%.
پرۆسەکە بەردەوامە و هەمیشە خزمەتگوزارى نوێى بۆ سیستمەکە زیاد دەکرێت و هەروەها لە مانگى ئایارەوە، خزمەتگوزارى زیادبوونى منداڵ لە شارەکانى هەرێمى کوردستان دەستیپێکردووە.
لە سەرەتاى ساڵى 2025ـەوە، حکومەتى عێراق پڕۆسەى بە ئەلیکترۆنیکردنى دامودەزگا حکومییەکانى دەستپێکردووە و بەئەلیکترۆنیکردنى فۆڕمى خۆراکیش لەو چوارچێوەیەدایە.
لە قۆناغى یەکەمدا خێزانەکان فۆڕمەکانیان کردە ئەلیکترۆنى، قۆناغى دووەمیش زیادکردنى منداڵ لە خۆدەگرێت و دوایین قۆناغیش گواستنەوەى فۆڕمى خۆراک و دەرهێنانى فۆڕمى نوێ دەبێت بۆ ئەو خێزانانەى فۆڕمى خۆراکیان نییە.