عێراق و سووریا ڕێککەوتنێکی ئاوییان واژۆکرد

کیژان مەحمود 3 کاتژمێر پێش ئێستا
ئاستی ئاوی ڕووباری فورات
ئاستی ئاوی ڕووباری فورات

بۆ پاراستنی مافە ئاوییەکان و ڕێکخستنەوەی دابەشکردنی ئاوی ڕووباری فورات، عێراق و سووریا لەسەر ڕەشنووسێکی هاوبەش بۆ ئاڵوگۆڕی داتا و زانیارییە هونەرییەکان ڕێککەوتن.

واژۆکردنی ڕەشنووسی هاوبەش لە نێوان عێراق و سووریا

ئەمڕۆ وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق و وەزارەتی وزەی حکومەتی سووریا، ڕەشنووسێکی هاوبەشیان لەبارەی هەماهەنگی لە ئیدارەدانی سەرچاوە ئاوییە هاوبەشەکان واژۆکرد. ئەم ڕێککەوتنە لە پاش کۆبوونەوەیەکی نێوان هەردوولا هات کە بە ئامادەیی بریکاری هونەریی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق و یاریدەدەری وەزیری وزەی سووریا و شاندی هەردوولا بەڕێوەچوو.

ئاڵوگۆڕی زانیارییە هونەرییەکانی ڕووباری فورات

ناوەڕۆکی ڕەشنووسەکە تایبەتە بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و ئاڵوگۆڕکردنی داتا و زانیارییە هونەرییەکان، بەتایبەتی لەبارەی ڕووباری فورات. هەروەها هەردوولا لەسەر ئاڵوگۆڕی شارەزایی و باشترکردنی ئاستی هەماهەنگی لەسەر پرسە گرنگە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات ڕێککەوتوون تاوەکو بە شێوەیەکی زانستی ئیدارەی سەرچاوە ئاوییەکان بدەن.

پاراستنی مافە ئاوییەکانی عێراق

وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانە بۆ پتەوکردنی هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە سەبارەت بە پرسی ئاوی هاوبەش. ئامانجی سەرەکی لەم ڕەشنووسە، ڕەخساندنی ڕێڕەوی نوێی هەماهەنگییە بەجۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی عێراق بکات و مافە ئاوییەکانی وڵاتەکە لە ئاوە هاوبەشەکاندا بپارێزێت.

کیژان مەحمود

3 کاتژمێر پێش ئێستا