
لەگەڵ هاتنی کۆتاییەکانی وەرزی کۆکردنەوەی چەوەندەری پاییزە لە سەرپێڵی زەهاوی سەر بە پارێزگای کرماشان، جووتیاران بەرهەمەکانیان ڕەوانەی حەوت کارگەی شەکر دەکەن؛ لەکاتێکدا کرماشان ساڵانە نزیکەی 1 ملیۆن تۆن چەوەندەر بەرهەم دەهێنێت و بە یەکێک لە پارێزگا پێشەنگەکان دادەنرێت، بەشێک لە شۆفێرانی گواستنەوەی بەرهەمەکە بەهۆی دواکەوتنی کرێکانیان لەلایەن حکومەتەوە گلەیی دەکەن.
کۆتاییەکانی وەرزی کۆکردنەوەی چەوەندەری پاییزەیە لە سەرپێڵی زەهاوی کرماشان و جووتیاران بەرهەمی ماندبوونیان کۆدەکەنەوە و ڕەوانەی بازاڕ و کارگە و یەکە پیشەسازییەکانی دەکەن.
جووتیاران بەرهەمەکانیان بۆ 7 کارگەی شەکر لە ناوەوە و دەرەوەی پارێزگای کرماشان هەناردە دەکەن و دڵخۆشن بەرهەمەکەیان کەرەستەی خاوی پیشەسازیی شەکرە، هەلی کاریشی بۆ هەزاران هاونیشتمانی دابین کردووە.
پارێزگای کرماشان بە یەکێک لە پارێزگا پێشەنگەکانی لە بەرهەمی چەوەندەر لە ئێران دادەنرێت و ساڵانەش بەرهەمی پارێزگاکە دەگاتە نزیکەی 1 ملیۆن تۆن، زۆرترین ڕووبەری چاندنی چەوەندەری پارێزگاکەش دەکەوێتە شارەکانی کرماشان، ئیسلامئاباد، سەحنە.
بەشێک لە شۆفێران لەبارەی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و گرانبوونی پێداویستییەکان و دواکەوتنی شایستەکانیانەوە گلەییان لە حکومەت هەیە و دەڵێن، حکومەت لە کاتی خۆیدا کرێی بارکردنی بەرهەمەکانیان بۆ کارگەکان پێنادات.
بەگوێرەی دامەزراوەی کشتوکاڵی پارێزگای کرماشان، بۆ ئەمساڵ ڕووبەری چاندنی چەوەندەر لە پارێزگاکە دەگاتە 22 هەزار و 729 هێکتار زەوی، لەو ژمارەیەش 15 هەزار و 947 هێکتاری بۆ چەوەندەری بەهارە و 6 هەزار و 783 هێکتاری بۆ چەوەندەری پایزە تەرخانکراوە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی وڵاتەکە، بۆ ئەمساڵ پێشبینی بەرهەمهێنانی 8.5 ملیۆن تۆن چەوەندەر لە سەرانسەری ئێران دەکرێت.