
شەپۆلێکی گەرماى بێپێشینە و بەتین ڕووی لە کیشوەری ئەورووپا کردووە و لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 109 کەس تەنیا لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا. ئەم شەپۆلە نائاساییە سەرجەم ژمارە پێوانەیییەکانی مانگی حوزەیرانی تێپەڕاندووە، بە شێوەیەک لە ئەڵمانیا بەرزترین پلەی گەرما لە مێژووی وڵاتەکەدا تۆمارکراوە و لە سویسراش پرۆسەی توانەوەی شاخە سەهۆڵییەکان سێ مانگ زووتر لە کاتی سروشتیی خۆی دەستی پێکردووە.
شەپۆلێکى بێپێشینەى گەرما، ڕووى لە ئەورووپا کردووە و لە ماوەى 24 کاتژمێرى ڕابردوودا تەنیا لە پاریسى پایتەختى فەڕەنسا 109 کەس گیانیان لەدەستداوە، لە ئەڵمانیاش بەرزترین پلەى گەرما لە مێژووى وڵاتەکەدا تۆمارکراوە، لە سویسراش، توانەوەى شاخە سەهۆڵییەکان دەستى پێکردووە و چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو ڕۆژى دووشەممە هەموو ئەو بەفرەى لە زستانى ئەمساڵدا کەڵەکەبووە بتوێتەوە.
لە ناوەڕاستى ئەم مانگەوە، شەپۆلێکى گەرماى بەتین، ڕووى لە ئەورووپا کردووە، کە بە یەکێک لە بەتینترین شەپۆلەکانى گەرما لە مێژووى کیشوەرەکەدا دادەنرێت.
فریاکەوتنى فەڕەنسا بڵاویکردەوە، لە ماوەى 24 کاتژمێرى ڕابردوودا تەنیا لە پاریس 109 کەس بەهۆى کاریگەریى گەرماوە گیانیان لەدەستداوە.
ڕێکخراوى (وۆڵد وێزەر) کە تایبەتە بە کەشوهەوا ئاماژەى بەوە کردووە، ئەو شەپۆلە نائاساییەى گەرما کە ڕووى لە ئەورووپا کردووە سەرجەم ژمارە پێوانەییە تۆمارکراوەکانى مانگى حوزەیرانى تێپەڕاندووە و بەهێزترین شەپۆلە لەو کاتەوەى دەستکراوە بە تۆمارکردنى پلەکانى گەرما.
ڕێکخراوی ناوبراو لەبارەی تێکڕای پلەکانی گەرماوە ئاماژەى بەوەش کردووە، پلەکانى گەرما لە فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا و ناوچەکانى باشوورى بەریتانیا، تێکڕاى پلەکانى گەرماى هاوینەیان تێپەڕاندووە کە لە نێوان 5 بۆ 12 پلەدایە، سەرەڕاى ئەوەى مانگى حوزەیران بە یەکێک لە مانگە گەرمەکانى ساڵ لە ئەورووپا هەژمار ناکرێت.
بەگوێرەى داتاکان ڕۆژى هەینى لە ویلایەتى سارلاندى ئەڵمانیا 41.3 پلەى سیلیزى تۆمارکراوە کە بەرزترین پلەیە لە مێژووى وڵاتەکەدا.
هاوكات ماتیاس هوس، سەرۆکى تۆڕى چاودێریى توانەوەى شاخە سەهۆڵییەکان لە سویسرا ڕایگەیاندووە، بەهۆى ئەو شەپۆلى گەرمایەى ڕووى لە ئەورووپا کردووە، شاخە سەهۆڵییەکانى سویسرا دەستیان بە توانەوە کردووە، چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو ڕۆژى دووشەممە، هەموو ئەو بەفرەى لە زستانى ئەمساڵدا کەڵەکەبووە بتوێتەوە، ئەوەش دووەمجارە لە دواى ساڵى 2022 پێشوەختە توانەوە لە شاخى ئەڵب دەست پێ دەکات، کە 3 مانگ زووترە لە دۆخى سروشتی.
