فوئاد حسێن و عێراقچی جەخت لە پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنەکەی تاران و واشنتن دەکەنەوە

کەناڵ8 3 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانیی فوئاد حسێن و عەباس عێراقچی لە بەغداد
کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانیی فوئاد حسێن و عەباس عێراقچی لە بەغداد

فوئاد حوسێن و عەباس عێراقچی، وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئێران لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە بەغداد، جەختیان لە گرنگیی پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە لەلایەن وڵاتانی ناوچەکەوە کردەوە. بەغداد ئامادەیی بۆ میوانداریکردنی گفتوگۆکان نیشاندا و تاران داوای لە ئەمریکا کرد کۆتایی بە دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان بهێنێت.

پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی لە بەغداد لەگەڵ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی ئاسایشی ناوچەکەوە ڕایگەیاند، "وڵاتانی ناوچەکە خۆیان دەتوانن بەیەکەوە ئاسایشی خۆیان بپارێزن".

جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنی ئەمریکا و ئێران

فوئاد حوسێن، لەبارەی لێکتێگەیشتنی نێوان واشنتن و تارانەوە ڕایگەیاند، "زۆر گرنگە لێکتێگەیشتنەکەی ئەمریکا و ئێران جێبەجێ بکرێت و بەغدادیش ئامادەیە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کێشەکانی ناوچەکە میوانداریی وڵاتانی کەنداو بکات".

گرنگیی سەردانەکە

وزەێری دەرەوەی عێراق لەبارەی سەردانەکەی عێراقچی بۆ بەغداد باسی ئەوەشیکردووە، "سەردانی عێراقچی بۆ عێراق لە ئێستادا گرنگییەکی زۆری هەیە".

عێراق دژی هێرشەکانی سەر ئێران بووە

فوئاد حوسێن لەبارەی پەیوەندییەکانی عێراق و ئێران و هێرشەکان بۆ سەر ئێران لەبارەی هەڵوێستی وڵاتەکەیەوە ڕایگەیاند، "پەیوەندییەکانی عێراق و ئێران مێژووییە و عێراق دژی هێرشەکانی سەر ئێران بووە".

پیرۆزباییکردن لە کابینە نوێیەکەی عێراق

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانییەکەدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و هۆکاری سەردانەکەیەوە ڕایگەیاند، "پیرۆزبایی پێکهێنانی کابینە وزارییەکەی زەیدی دەکەین" و لەبارەی سەردانەکەی بۆ عێراق گوتیشی، "سەردانەکەم بۆ سوپاسگوزارییە بۆ هەڵوێستی گەل و حکومەتی عێراق لە جەنگی دژی ئێران".

ئایندەی گەرووی هوورمز

عەباس عێراقچی لەبارەی دۆخی گەرووی هوورمزەوە باسی ئەوەیکرد، "بەگوێرەی لێکتێگەیشتنەکە دەبێت گەرووی هوورمز بە هەماهەنگیی ئێران بکرێتەوە".

دۆخی لوبنان و داواکاری لە ئەمریکا

وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە دۆخی لوبنان و هێرشەکانی ئیسرائیل لەبارەی هەڵوێستی وڵاتەکەیەوە ڕایگەیاند، "پێویستە ئەمریکا کۆتایی بە دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان بهێنێت".

کەناڵ8

3 کاتژمێر پێش ئێستا