پیسبوونی دیجلە و فورات؛ نەخۆشیی مەترسیدار و کۆچی بەکۆمەڵ لێدەکەوێتەوە
پیسبوونی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات قەیرانێکی سەختی ژینگەیی و ئابووری و مرۆیی لە عێراق دروست کردووە، هۆکارە سەرەکییەکانی پیسبوونی ئەم دوو ڕووبارەش زۆرن، لەوانە ئاوەڕۆی چارەسەرنەکراو کە دەڕژێنە ناو ڕووبارەکان، ماددە کیمیاییە پیشەسازییەکان، کانزا قورسەکان، پاشماوەی پزیشکی، پیسبوونی ئاوە کشتوکاڵییەکانن. ئەمە جگە لە دابەزینی ئاستی ئاو بەهۆی بەنداوەکان و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، کە چڕبوونەوەی ماددە ژەهراوییەکان بە شێوەیەکی مەترسیدار زیاد دەکات.
نەخۆشییە بەکتریاییەکان و مەترسیی بڵاوبوونەوەی کۆلێرا
پیسبوون و تێکچوونی کوالێتیی ئاو و سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە، قەیرانێکی تەندروستیی گشتیی لێدەکەوێتەوە و دەبێتە هۆی دروستبوونی نەخۆشیی جۆراوجۆر بۆ مرۆڤ، لەوانە: نەخۆشییە بەکتریاییەکان، کە دەبنە هۆی نەخۆشی لە گەدە و ڕیخۆڵە، ئاستی بەرزی پیسبوونە بەکتریاییەکان دەبنە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گواستراوەکان لە ڕێگەی ئاوەوە، لەوانە کۆلێرا و تیفۆئید و سکچوونی توند لە منداڵاندا.
پاشماوە پزیشکییەکان و سەرهەڵدانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان
هەروەها دەبنە هۆی نەخۆشییە درێژخایەن و سەختەکان، پسپۆڕان و ڕێکخراوە تەندروستییەکان لەبارەی هۆکارەکانی شێرپەنجەوە ڕایانگەیاند، فڕێدانی پاشماوەی پزیشکی و ماددە کیمیاییە چارەسەرنەکراوەکان بە هۆکارێکی کاریگەر دەزانن بۆ زیادبوونی ڕێژەی شێرپەنجە و نەخۆشییە دەمارییەکان و لەکارکەوتنی گورچیلە.
کاریگەریی کادمیۆم و قوڕقوشم لەسەر جەستەی مرۆڤ
ژەهراویبوونی کانزا قورسەکان و کەڵەکەبوونی کانزاکانی وەکو قوڕقوشم، کادمیۆم و کرۆم لە ئاودا دەبێتە هۆی گواستنەوەیان بۆ جەستەی مرۆڤ و هۆکاری ژەهراویبوون و دەرکەوتنی نیشانەکانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان.
لێکەوتە نەرێنییەکان لەسەر کەرتی کشتوکاڵی عێراق
پیسبوونی ئاوی ئەو دوو ڕووبارە گرنگە، کە بڕبڕەی پشتی کەرتی کشتوکاڵی عێراقن، دەبنە هۆی تێکچوون و زیان گەیاندنی بەرچاو بە کەرتی کشتوکاڵ و ئابووری.
لەناوچوونی بەپیتیی خاک و بەرهەمی خورما
بەرزبوونەوەی بەرجاوانی کۆی گشتیی خوێ تواوەکان TDS و ڕژانیان بۆ ناو ڕووبارەکان، دەبنە هۆی لەناوبردنی بەپیتیی خاک، زیان گەیاندن بە بەرهەمەکانی خورما و تەواوی بەرهەمەکانی دیکە.
زیانەکانی کەرتی ئاژەڵداری و بارگرانیی دارایی لەسەر خێزانەکان
بەشێکی دیکەی ئەم قەیرانە زیان گەیشتنە بە بەرهەمی ئاژەڵداری، لە زۆرێک لە ناوچەکان ئاوی ڕووبارەکان کەڵکی ئاودانی ئاژەلیان نەماوە و ئەمەش هەزاران خێزانی گوندنشین ناچار دەکات واز لە ئاژەڵداری بهێنن و بەکۆمەڵ کۆچ بکەن بۆ شارەکان، بێگومان ئەمە بۆ مرۆڤیش بەهەمان شێوەیە، سەرەنجام گۆڕینی ئاوی سەرزەوی بۆ سەرچاوەی ناشایستە بۆ خواردنەوەی مرۆڤ، دانیشتووان ناچار دەکات ئاوی خواردنەوە بکڕن، ئەمەش بارگرانییەکی ئابووریی زۆر دەخاتە سەر خێزانە کەم داهاتەکان.
تێکچوونی هاوسەنگیی بایۆلۆجی و مردنی بەکۆمەڵی ماسییەکان
پێشتر ڕووبارەکانی دیجلە و فورات بە جۆراوجۆریی بایۆلۆجیی ناوازە ناسرابوون، بەتایبەتی ئەهوارەکان، بەڵام ئێستا ڕووبەڕووی مەترسییەکی ڕاستەقینەی لەناوچوون بوونەتەوە، جگە لەوەش ڕژانی فۆسفات و نیترات لە ڕێگەی پەین و ماددە کیمیاییەکانەوە دەبنە هۆی گەشەکردنی بێکۆنتڕۆڵی قەوزە ژەهراوییەکان، ئەمەش ئۆکسجینی ئاوەکان کەم دەکاتەوە و دەبێتە هۆی مردنی بەکۆمەڵی ماسییەکان، ئەم دیاردەیەش ساڵانە لە ڕووبارەکانی دیجلە و فورات ڕوودەدات، لە لایەکی دیکەوە کەمبوونەوەی ڕێڕەوی ڕۆیشتنی ئاوی شیرین ڕێگە بە ئاوی خوێیاویی کەنداوی عەرەبی دەدات بڕژێتە قووڵایی شەتولعەرەبەوە، بەمەش کۆگاکانی ماسیی ڕووبارەکان و ڕووەکە ڕەسەنەکان لەناو دەچن.
2 کاتژمێر پێش ئێستا