کەمبوونەوەی ئاوی ڕووباری پۆ لە ئیتاڵیا مەترسیی وشکەساڵی دروستکردووە

رۆزا حیسام 2 کاتژمێر پێش ئێستا
دیمەنێک لە ڕووباری پۆ لە ئیتاڵیا
دیمەنێک لە ڕووباری پۆ لە ئیتاڵیا

بەهۆی شەپۆلی گەرماوە درێژترین ڕووباری ئیتاڵیا ڕووبەڕووی کەمبوونەوەی ئاستی ئاوەکەی بووەتەوە، بەتایبەت لە ناوچەیەک کە بە دڵی کشتوکاڵی وڵاتەکە دادەنرێت و ناوەندی بەرهەمهێنانی ئەو شیرەیە کە پەنیری بەناوبانگی پارمیزانی لێ دروست دەکرێت.

نیگەرانیی جووتیاران لە نادادی لە دابەشکردنی ئاودا

ئاوی ڕووبارەکە نزمترین ئاستی لە ئەمساڵدا بەخۆوە بینیوە، ئەوەش ترسی ئەوەی دروست کردووە وشکەساڵی توند لە مانگی تەممووزدا بەخۆوە ببینێت. فێدریکا جووتیار و خاوەن کێڵگەیەکی گوڵەبەڕۆژەیە، لە ئێستاوە بەشێک لە بەرهەمەکەی وشک بووە.

دابەشکردنی دادپەروەرانە نییە

فێدریکا ڤیدالی، جووتیار لەبارەی کێشەی کەمئاویی ناوچەکەیانەوە ڕایگەیاند: "کێشەکە ئەوەیە کە دەکەوینە کۆتای پۆوە، دوای ئەوەی هەموو کەسێکی تر پێداویستییەکانیان لێی دابین کردووە، ئێمە سوود لەو ئاوە وەردەگرین کە دەمێنێتەوە، هیچ دابەشکردنێکی دادپەروەرانەی ئەم سەرچاوەیە نییە، ئێمە جووتیاری پلە دوو نین بە بەراورد بە ئەوانی دیکە، بەقەد هەر کێڵگەیەکی دیکەی ئیتاڵیا پێویستمان بە ئاوە."

زیان بە بەرهەمەکان دەگات

جگە لە کەمبوونەوەی ئاستی ئاوەکەی، یەکێکی دیکە لە کێشەکانی جووتیاران ئەوەیە لە کاتی وشکەساڵیدا ئاوی دەریا دەگەڕێتەوە و دەڕژێتە ڕووبارەکەوە، ئەوەش وا دەکات لە هەندێک شوێندا نەتوانن سوودی لێ وەربگرن و ناچارن ڕێڕەوەکەی بگرن چونکە زیان بە بەرهەمەکان دەگەیەنێت.

ئامارە مەترسیدارەکانی دابەزینی ئاستی ئاو

بەگوێرەی ئامارەکانی ڕێکخراوی ئایپۆی بواری ژینگەیی لە ئیتاڵیا، لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا ئاستی ئاوی ڕووباری پۆ زۆر دابەزیوە و گەییشتووەتە خوار 300 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا، لە کاتێکدا پێشتر بەتێکڕا لە مانگی حوزەیراندا نزیکەی 1,500 مەتر سێجا بووە لە چرکەیەکدا. ئەوەش، دۆخی ماسی و ماسیگرەکانی خراپ کردووە، لە هەندێک شوێندا ئاستی ئاوەکە گەییشتووەتە کەمتر لە 1 مەتر.

مەترسیی قەوزە و قرژاڵی شین بۆ ماسیگرەکان

پائۆلۆ مانسین، سەرۆکی کۆمەڵەی ماسیگرانی پۆلەسین لەبارەی مەترسییەکانی سەر ماسیگری گوتی: "بەمزووانە یەکەم کۆمەڵی قەوزەکان دەبینین، ئێمە پاکیان دەکەینەوە بەڵام کاتێک زۆر دەبن و بڵاودەبنەوە زۆر قورسە پاکیان بکەیتەوە، دەبێت سەدان کەس کار بکەن بۆ ئەوەی ماسی و تۆڕەکان بپارێزن لە قرژاڵی شین، هەموو ڕۆژێک کار بکەین بۆ پاککردنەوەی قەوزەکان".

وشکەساڵییەکەی 2022

دواین جار لە کۆتای مانگی تەممووزی 2022دا ناوچەکانی دەوروبەری پۆ ڕووبەڕووی وشکەساڵی بوونەوە، دابەزینی ئاستی ئاوەکەی وا دەکات ڕێژەیەکی زیاتری ئاوی دەریا بڕژێتە ناوی چونکە تاوەکو ئاو و لێشاوی ڕووبارەکە زۆرتر بێت کەمتر ئاوی دەریا زاڵ دەبێت بەسەریدا.

پێشڕەویی ئاوی سوێری دەریا بۆ ناو ڕووبارەکە

ڕۆدۆلفۆ لاورێنت، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی پۆ دەلتا سەبارەت بە تێکەڵبوونی ئاوی دەریا و ڕووبارەکە باسی لەوە کرد: "ئێستا، ئاوی دەریا 15 بۆ 18 کیلۆمەتری لە ڕووباری پۆ گرتووەتەوە، ئەوەش نیوەی ئەوەیە کە لە تەممووزی ساڵی 2022دا تۆمار کراوە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە مانگێک زووتر دەستی پێ کردووە، لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانەوە ئەوەمان بەدی کردووە، ئەوەش بەهۆی کەمیی بارانبارینەوە ترسمان لەوە هەیە ڕیکۆرد بشکێنێت".

شەپۆلی گەرما لە ئیتاڵیا

لەم مانگەدا ئیتاڵیا هاوشێوەی وڵاتانی دیکەی ئەورووپا ڕووبەڕووی شەپۆلی گەرمای توند بووەتەوە و لە ناو شارەکانیدا چەندین ڕێکاری هاوشێوەی کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی دەوامکردن و قەدەغەی چوونەدەرەوە لە کاتە گەرمەکانی ڕۆژدا گرتووەتە بەر.

رۆزا حیسام

2 کاتژمێر پێش ئێستا