پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ بەرهەمی گەنمی پارێزگای کرماشان بگاتە 900 هەزار تۆن

سامیا حەسەن 1 کاتژمێر پێش ئێستا
دروێنەی گەنم لە پارێزگای کرماشان
دروێنەی گەنم لە پارێزگای کرماشان

بەرپرسانی کشتوکاڵی لە کرماشان پێشبینی دەکەن بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی پارێزگاکە بگاتە 900 هەزار تۆن، کە لەسەر ڕووبەری 440 هەزار هێکتار زەوی چێندراوە. پرۆسەی دروێنەکردنیش تا مانگێکی دیکە بەردەوام دەبێت و حکوومەت لە بەرامبەر هەر کیلۆگرامێکدا 49 هەزار و 800 تۆمەن دەداتە جوتیاران.

نرخ و بڕی پێشبینیکراوی بەرهەمی گەنم

فەرهاد شەریفی، یاریدەدەری بەڕێوەبەری دامەزراوەی کشتوکاڵی پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند، پێشبینی دەکەن بۆ ئەمساڵ بەرهەمی گەنمی پارێزگاکە بگاتە 900 هەزار تۆن. فەرهاد شەریفی لەبارەی نرخی کڕینەوەی گەنمیشەوە ڕایگەیاند، بۆ کڕینی هەر کیلۆ گەنمێک 49 هەزار و 800 تۆمەن دەدەرێت بە جوتیاران.

ڕووبەری زەوییە چێندراوەکان بە گەنم

فەرهاد شەریفی لەبارەی ڕووبەری زەوییە کشتوکاڵییەکانەوە ڕایگەیاند، ئەمساڵ نزیکەی 440 هەزار هێکتار زەوی پارێزگاکە بۆ چاندنی گەنم تەرخانکراوە کە لەو ژمارەیە 102 هەزار هێکتاری بەراو و 338 هەزار هێکتاری دێمە.

بەردەوامیی پرۆسەی دروێنەکردن لە ناوچە جیاوازەکاندا

یاریدەدەری بەڕێوەبەری دامەزراوەی کشتوکاڵی پارێزگاکە لەبارەی ماوەی دروێنەکردنەوە ڕایگەیاند، پرۆسەی دروێنەکردنی گەنم لە زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکە بەردەوام دەبێت، پرۆسەکە تاوەکو مانگێکی دیکە لە ناوچە کوێستانەکانی پارێزگای کرماشان بەردەوامی دەبێت.

پێشبینیی گشتیی بەرهەمی گەنم لەسەر ئاستی وڵاتدا

پێشتر عەتاڵا هاشمی، سەرۆکی دامەزراوەکە ڕایگەیاند، پێشبینی دەکات بڕی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی وڵاتەکەی بگاتە 16 ملیۆن تۆن و لەو بڕەش 12 ملیۆنی لە لایەن حکوومەتەوە بکڕدرێت.

ڕیزبەندیی پارێزگاکان لە بەرهەمهێنانی گەنمدا

ساڵانە پارێزگای خوزستان بە 1 ملیۆن و 500 هەزار تۆن پلەی یەکەم، سنە بە نزیکەی 1 ملیۆن و 200 هەزار تۆن پلەی دووەم و، گوڵستان بە زیاتر لە 1 ملیۆن تۆن، کرماشان بە نزیکەی 900 هەزار تۆن و فارسیش بە زیاتر لە نیو ملیۆن تۆن، پلەکانی سێیەم تاوەکو پێنجەمی وڵاتەکەیان لە بەرهەمهێنانی گەنم گرتووە.

سامیا حەسەن

1 کاتژمێر پێش ئێستا