یەکگرتنەوەی فەرماندەیی دەڤەری 1 و 2؛ پێشمەرگە پێ دەنێنە قۆناغێکی مێژووییەوە

کیژان مەحمود 4 کاتژمێر پێش ئێستا
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لە ڕێوڕەسمی یەکگرتنەوەی فەرماندەیی دەڤەری 1 و 2 دا
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لە ڕێوڕەسمی یەکگرتنەوەی فەرماندەیی دەڤەری 1 و 2 دا

قۆناغی یەکەمی پێکەوەکارکردنی فەرماندەیی دەڤەری 1 و 2ی پێشمەرگە لە ڕێگەی خولێکی تایبەتی دروستکردنی بڕیاری سەربازییەوە دەستی پێکرد. وەزیری پێشمەرگە پرۆسەکە بە هەنگاوێکی مێژوویی بۆ یەکخستنی فەرماندەیی و بڕیاری سەربازی دادەنێت و هاوپەیمانانیش پابەندیی خۆیان بە هاوکاریکردنی پێشمەرگە دووپات دەکەنەوە.

دەستپێکردنی خولی هاوبەشی ئەفسەرانی پێشمەرگە

ئەمڕۆ لە ڕێوڕەسمێکدا، قۆناغی یەکەمی پێکەوەکارکردنی فەرماندەیی دەڤەری یەک و دووی پێشمەرگە دەستی پێکرد و ئەفسەرانی هەردوولا پێکەوە بەشداریی خولی پرۆسەی دروستکردنی بڕیاری سەربازی دەکەن.

سوپاسگوزاریی هاوپەیمانان لە وەزارەتی پێشمەرگە

لە دەستپێکی ڕێوڕەسمەکەدا نوێنەری هێزەکانی هاوپەیمانان سوپاسی وەزارەتی پێشمەرگەی کرد کە ڕێگەی داوە ئەم هەماهەنگییە بکرێت و هیوای خواست ئەو ڕێنماییانەی دەیدەن بە فەرماندەییەکان بۆ پێکەوەکارکردن ڕێگەخۆشکەر بێت.

بنەما زانستییەکانی خولی مەشقی ئەفسەران

هاوكات شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لە وتارەکەیدا ڕایگەیاند، ئەم مەشقەی لە لایەن هاوپەیمانانەوە ڕێکخراوە بۆ ئەفسەرانی پلەباڵای دەڤەری یەک و دوو، وەک قۆناغێکی پێشکەوتوو داڕێژراوە لەسەر بنەمای زانستی سەربازیی هاوچەرخ لە دروستکردنی بڕیاری سەربازیی ستراتیژیی یەکگرتوو لەناو هێزی پێشمەرگەدا.

یەکخستنەوەی هێزەکان و دەستکەوتە سەربازییەکان

ناوبراو لەبارەی گرنگیی ئەم هەنگاوە سەربازییەوە گوتیشی "ئەم هەنگاوە دەبێتە دەستکەوتێکی گرنگی سەربازی و چارەنووسساز بۆ هێزی پێشمەرگە بەتایبەت لە یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و پرۆسەی چەسپاندنی یەکبڕیاری و یەکفەرماندەیی و کۆنترۆڵ لە سەرکردایەتیکردنی هێزی پێشمەرگە و قۆناغێکی نوێ بۆ هێزی پێشمەرگە دەهێنێتە ئاراوە".

بەردەوامیی هاوکارییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان

وەزیری پێشمەرگە لەبارەی مێژووی هاوبەش و ڕۆڵی هاوپەیمانانەوە دەشڵێت، لەگەڵ هاوپەیمانان مێژوویەکی درەوشاوەمان تۆمارکردووە و هیوایشی خواست تاوەکو کۆتایی پرۆسەکە هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا لەگەڵیاندا بەردەوام بن و ڕۆڵی ئەوانی لە پرۆسەی چاکسازی و بونیادنانی دەڤەرەکان بەرز نرخاند، لە هەمان کاتدا سوپاسی ئەفسەر و ڕاوێژکارانی هێزەکانی هاوپەیمانانیشی کرد بۆ هاوکارییان، هەر لە تێکشکاندنی داعش تاوەکو ئەمڕۆ کە لەگەڵیاندان بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە.

پێگەی نێودەوڵەتی و نیشتمانیی پێشمەرگە

وەزیری پێشمەرگە لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا باسی لەوەکرد، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پێشمەرگە وەک هێزێکی بە دیسپلین و باوەڕپێکراو و دۆستی جیهانی ئازاد دەناسرێت و لەناوخۆشدا هێزی پێشمەرگە، ناسنامەی نیشتمانیی کوردە و خاوەن بیروباوەڕی نیشتمانیی پۆڵایینە.

ڕۆڵی پێشمەرگە لە پاراستنی ئاسایشی هەرێم

هەروەها نەجات عەلی، فەرماندەی دەڤەری یەک لە ڕێوڕەسمەکەدا لەبارەی ئەنجامی پرۆسەکە و مەشقی هاوپەیمانانەوە گوتی "توانیومانە بە سەرکەوتوویی پرۆسەکە بەئەنجام بگەینین و مەشق و ڕاهێنانی هاوپەیمانان سوودی زۆری بۆ پێشمەرگە هەبووە". ناوبراو لەبارەی ئاشتیخوازیی پێشمەرگەوە گوتیشی "هێزی پێشمەرگە ڕۆڵی گەورەی لە پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان هەبووە و پێشمەرگە هەرگیز نەبووەتە هەڕەشە بۆ سەر هیچ لایەنێک".

مەرج و ئامانجەکانی ڕاهێنانی هاوبەشی دەڤەرەکان

فەرماندە سوانسۆن، نوێنەری هێزەکانی هاوپەیمانان لە ڕێوڕەسمەکەدا لەبارەی گرنگیی هەماهەنگیی نێوان هەردوو دەڤەرەکەوە گوتی، "دەمانەوێت سوپاسی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بکەین کە ڕێگەیاندا ئەم هەماهەنگییە بکرێت، دەمانەوێت سوپاسی ستافی فەرماندەی دەڤەری یەک بکەین بۆ میوانداری و پێشوازی لە ستافی فەرماندەی دەڤەری دوو بۆ ئەنجامدانی ڕاهێنان، ئێمە هیوادارین ئەو ڕێنماییانەی دەیدەین بە فەرماندەی دەڤەری یەک و دوو لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە ڕێگەخۆشکەر بێت تاوەکو پێکەوە کار بکەین لە پێناو پاراستنی ئەم هەرێمە".

کیژان مەحمود

4 کاتژمێر پێش ئێستا