وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاریدا بە دوورخستنەوەی هەمیشەیی د. عەبدولـلەتیف؛ پارێزەرانی بڕیارەکە ڕەتدەکەنەوە
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بڕیاری دا بە دوورخستنەوەی یەکجاریی د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد، مامۆستا لە کۆلێجی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سلێمانی لە پیشەی مامۆستایەتییەکەی. بەڵام د. عەبدولـلەتیف بڕیارەکە ڕەت دەکاتەوە و بە نایاسایی دەزانێت و تانەی لێ دەدات.
فەرمانی فەرمیی وەزارەت و پاڵپشتە یاساییەکان
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە 1ـی تەممووزی ساڵی 2026 لە ئەنجامی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە کەیسی د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد مستەفا، مامۆستا لە کۆلێجی زانستە ئیسلامییەکان لە زانکۆی سلێمانی، بە فەرمانی زانکۆیی ژمارەی 64/865 بە ئامادەبوونی نوێنەری داواکاری گشتی پاڵپشت بە ماددەی چوار بڕگەی هەشت و نۆ، لە یاسای بەرزەفتی فەرمانبەرانی دەوڵەت ژمارەی 14ـی ساڵی 1991، بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتەی بە وەزارەتەکە دراوە، بڕیاردراوە بە دوورخستنەوەی هەمیشەیی د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد.
کاتی دەرچوونی بڕیارەکە و واژۆی وەزیر
نووسراوەکە واژۆی د. ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پێوەیە و ئەمڕۆ یەکی تەممووز بڕیارەکە دەرچووە.
تانەدانی پارێزەران لە بڕیاری سزادانەکە
هاوکات عەتا عوسمان و ئارام ڕەزا، پارێزەرانی عەبدولـلەتیف ئەحمەد لەبارەی بڕیاری سزادانەکەیەوە لە ڕوونکردەوەیەکدا دەڵێن، "ئەو لیژنەی لێکۆڵینەوەیەی لە کەیسەکە پێکهێنراوە، پێشێلکاریی یاسایی زۆریان کردووە، بۆیە بە هەموو لایەکی ڕادەگەیەنین کە د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد بە بڕوابوونی تەواوی خۆیەوە، تانە لەم بڕیارەی وەزیری خوێندنی باڵا دەدات سەبارەت بە سزادانی بە عەزلکردنی لە وەزیفە".
ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکان و پەنابردن بۆ دادگا
پارێزەرەکانی عەبدولـلەتیف ئەحمەد لەبارەی شەرعییەتی بڕیارەکەوە دەشڵێن، "ئێمە ئەو بڕیارە بە نایاسایی دەزانین، بەڕێزیان هەرگیز دان نانێت بەو تۆمەتەی کە بۆی دروستکراوە و بە هیچ شێوەیەک تنازل لە مافی خۆی ناکات لە پەنابردن بۆ دادگا، وە دادگا بە شوێنی یەکلاییکردنەوەی ئەم دۆسیەیە دەزانین".
داواکاری لە ڕاگەیاندنەکان بۆ چاوەڕوانکردنی دادگا
ناوبراوان لەبارەی شێوازی ڕووماڵکردنی دۆسیەکەوە داواشیان لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن کردووە، "بە وردی و بابەتیانە لەم دۆسیەیە بڕوانن وە بڕیاری پێشوەختە لەم دۆسیەیەدا نەدەن بنەما لەسەر ڕێزگرتن لە یاسا، وە ڕێگە بدەن دادگا ڕێڕەوی یاسایی خۆی وەربگرێت لەم بارەیەوە."
4 کاتژمێر پێش ئێستا