بودجەی 2026ـی عێراق؛ حکومەت بۆ خەرجییەکان پەنا بۆ یاسای بەڕێوەبردنی دارایی دەبات
بودجەی ساڵی داهاتووی عێراق لەبەردەم کۆمەڵێک ئاڵنگاریی دارایی و ئابووریی سەختدایە و ئەگەری هەیە هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو، وڵات بەبێ یاسای بودجە بەڕێوەببرێت.
پەنابردن بۆ سیستەمی 1/12
لە ئەگەری پەسەندنەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2026، پێشبینی دەکرێت حکومەتی عێراق پەنا بۆ یاسای بەڕێوەبردنی دارایی ببات. ئەم یاسایە ڕێگە دەدات مانگانە بڕی 1/12ـی بودجەی ساڵی 2025 بۆ ڕاییکردنی کاروباری دەوڵەت و خەرجییەکان بەکاربهێنرێت. ئەمە یەکەمجار نییە عێراق تووشی ئەم دۆخە دەبێت؛ لە نێوان ساڵانی 2006 بۆ 2025، لە سێ ساڵی جیاوازدا (2014، 2020 و 2022) عێراق یاسای بودجەی نەبووە و بەم سیستمە کارە داراییەکانی بەڕێوەبردووە.
مەترسییەکانی دابەزینی نرخی نەوت
پشتبەستن بە بودجەی ساڵی ڕابردوو مەترسیی زۆری تێدایە، چونکە ئەو بودجەیە لەسەر بنەمای نرخی 70 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت داڕێژراوە. بەپێی پێشبینییەکان، هەر دابەزینێکی نرخی نەوت بۆ خوار 65 دۆلار، کورتهێنانی دارایی وڵات قووڵتر دەکاتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە عێراق پابەندیی دارایی و قەرزی لەسەرە و پێویستە لە کاتی خۆیدا بیاندرێتەوە.
وابەستەیی بە داهاتی نەوت و باری مووچە
ئابووریی عێراق بە شێوەیەکی نیمچە ڕەها و بە ڕێژەی 88% بۆ 90% پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، کە ئەمەش نزیکەی 65%ـی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی وڵات پێکدەهێنێت. ئەم وابەستەییە وایکردووە ئابووریی عێراق ببێتە بارمتەی گۆڕانکارییەکانی بازاڕی جیهانی. تەنیا بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان، حکومەت ساڵانە پێویستی بە زیاتر لە 60 تریلیۆن دینار هەیە، کە ئەمەش تاقیکردنەوەیەکی سەخت دەبێت بۆ کابینەکەی سوودانی لە ساڵی 2026دا.
پێویستی بە چاکسازیی ئابووری
شارەزایان پێیان وایە بودجەی 2026 پێویستی بە چاکسازیی قووڵ و پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی ئابووریی کارا هەیە. بەهۆی بوونی کێشەی بونیادی لە ئابووریی وڵاتدا، توانای دەوڵەت بۆ بەدیهێنانی سەقامگیریی دارایی سنووردار بووە، بۆیە هەر جۆرە کورتهێنانێک لە بودجەدا بە واتای دروستبوونی قەیران لە خزمەتگوزارییە گشتییەکان و خەرجییە پێویستەکانی دەوڵەت دێت.
2 کاتژمێر پێش ئێستا