
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراق بە فەرمی دانینا بە زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان و سەرجەم کۆلێج و پەیمانگاکانیدا، هاوکات بڕیاردرا زانکۆکە بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2027 بخرێتە ناو ڕێبەری وەرگرتنی ناوەندیی خوێندکارانەوە.
وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان و پێکهاتەکانی بە فەرمی ناساند، بۆ ساڵی نوێی خوێندنش دەخرێتە نێو ڕێبەری وەرگرتنی خوێندکاران.
وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق لە بڕیارێکی فەرمیدا کە ڕۆژی 9ـی تەممووزی 2026 دەرچووە و واژۆی (حەیدەر عەبد زەهد) بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری توێژینەوەی زانستی لەسەرە، بە فەرمی دانیناوە بە زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان و سەرجەم کۆلێج و پەیمانگاکانیدا.
لە بڕیارەکەدا هاتووە "بەپشت بەستن بەو دەسەڵاتانەی پێیان دراوە لە 16ـی حوزەیرانی 2026 ڕەزامەندی دراوە لەسەر ڕاسپاردەکانی ئەو لیژنە وزارییەی لە 9ـی کانوونی یەکەمی 2025 پێکهێنراوە تایبەت بە داننان بە زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان".
بەگوێرەی بڕیارەکە، زانکۆی پۆلیتەکنیکی دەخرێتە ناو ڕێبەری وەرگرتنی ناوەندیی خوێندکاران بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027.
دانپێدانانەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، هەریەکە لە کۆلێجی تەکنیکی کەلار، کۆلێجی تەکنیکی کفری، کۆلێجی تەکنیکی کارگێڕی-ڕزگاری، پەیمانگای تەکنیکی کەلار و پەیمانگای تەکنیکی کفری دەگرێتەوە.


