دێر شپیگڵ: ئەڵمانیا تاوەکو مانگی ئەیلوول هێزەکانی لە هەولێر دەکشێنێتەوە

عەبدول محەمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
ڕاهێنەرێکی هێزەکانی ئەڵمانیا لە کاتی ڕاهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان
ڕاهێنەرێکی هێزەکانی ئەڵمانیا لە کاتی ڕاهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان

گۆڤاری (دێر شپیگڵ)ـی ئەڵمانی بڵاویکردەوە، بەرلین بەنیازە هێزەکانی لە هەرێمی کوردستان بکشێنێتەوە و تاکە بنکە سەربازییەکەی دابخات، ئەوەش دوای بڕیاری ئەمریکا دێت بۆ کەمکردنەوەی سیستمی بەرگریی و دوورخستنەوەی سیستمی پاتریۆت لە ناوچەکەدا.

نزیکەی 30 سەربازی ئەڵمانی لە بنکەیەکی سەربازیی نزیک فڕۆکەخانەی هەولێرن

گۆڤاری (دێر شپیگڵ)ـی ئەڵمانی لە بڵاوکردنەوەى هەواڵ و زانیارییەکانیدا پشتى بە ڕاپۆرتێکی لیژنەی بەرگری لە پەرلەمانی ئەڵمانیا بەستووە و ئاماژەی بەوە کردووە، لە ئێستادا نزیکەی 30 سەربازی ئەڵمانی لەو بنکە سەربازییەدان کە دەکەوێتە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر و تا کۆتایی مانگی ئەیلوول دەکشێنەوە.

پێشتر بەهۆی مەترسی شەڕی ئێرانەوە هێزەکانی لە ناوچەکە کەمکردەوە

بەگوێرەى گۆڤارەکە، ئەڵمانیا پێشتر بەهۆی ئەو مەترسییە ئەمنییانەی کە لە ئەنجامی گرژییەکانی پەیوەست بە ئێرانەوە دروست بوون، بەشێوەیەکی بەرچاو ژمارەی هێزەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەمکردووەتەوە.

کۆتایی مانگی ئەیلول دوا وادەیە بۆ کشانەوەی سیستمی پاتریۆت

ئەمریکا بە نیازە تاوەکو کۆتایی مانگی ئەیلوول هێزەکان و سیستمی پاتریۆت لە هەرێمی کوردستان و عێراق بکشێنێتەوە، ئەمەش وا دەکات سەربازانی وڵاتانی هاوپەیمانان مەترسی هێرشی درۆنی و مووشەکیی زیاتریان لەسەر بێت، هەر بۆیە ئەڵمانیا سەربازەکانی دەکشێنێتەوە و ژمارەیەک کەم لە سەرباز و ڕاوێژکاران لە باڵیۆزخانەکەی لە هەولێر دەهێڵێتەوە بۆ مەشقپێکردنی هێزەکانی پێشمەرگە.

عەبدول محەمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا