حەیدەر عەبودی: سەردانەکەی زەیدی بۆ واشنتن پەیوەندییەکان لە "قەیران"ەوە بۆ "ئابووری" دەگۆڕێت

کیژان مەحمود 2 کاتژمێر پێش ئێستا
حەیدەر عەبودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق
حەیدەر عەبودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق

بڕیارە سبەی دووشەممە، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا بگاتە واشنتن، گوتەبێژی حکوومەتیش دەڵێت، ئەم سەردانە وەرچەرخانێکی نوێیە لە پەیوەندییەکانی هەردوولا و جەخت لەسەر کەرتی ئابووری و وەبەرهێنان دەکرێتەوە.

وردەکاریی گەشتەکەی سەرۆکوەزیران

ئەمڕۆ یەکشەممە 12ـی تەممووزی 2026، حەیدەر عەبودی گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ڕایگەیاند، سبەی دووشەممە 13-7-2026، عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی شاندێکی فەرمی بەرەو ئەمریکا بەڕێدەکەوێت. ئەم سەردانە لە کاتێکی هەستیاری ناوچەکەدا ئەنجام دەدرێت و ئامانجی بەرجەستەکردنی پەرەپێدانی پەیوەندییە دەرەکییە هاوسەنگەکانە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و جێبەجێکردنی بەرنامەی وەزاریی حکوومەت.

کارنامەی کۆبوونەوەکان و واژۆکردنی ڕێککەوتنەکان

سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی لە واشنتن کۆبوونەوەی گرنگ لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسانی باڵا و دامەزراوە ئابووری و داراییەکان ئەنجام دەدات. لە چوارچێوەی سەردانەکەدا، چەند یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە بواری سندوقی گەشەپێدان و وزەی عێراقی-ئەمریکی واژۆ دەکرێن، کە تیشک دەخەنە سەر هاندانی ژینگەی وەبەرهێنان لە کەرتەکانی وزە، بازرگانی و تەکنەلۆژیا.

وەرچەرخان لە پەیوەندییەکانی بەغدا و واشنتن

گوتەبێژی حکوومەت ئاماژەی بەوە کرد، ئەم سەردانە جیاوازە لەوانی پێشوو و تێیدا سروشتی پەیوەندییەکان لە قۆناغی بەڕێوەبردنی قەیرانەکانەوە دەگۆڕێت بۆ هاوبەشییەکی ئابووری درێژخایەن. عەبودی جەختی کردەوە کە هیچ گۆڕانکارییەک لە ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژیدا نەکراوە و تەواوی لێکتێگەیشتنە نوێیەکان لەسەر بنەمای ئەو ڕێککەوتنە دەبن، عێراقیش دەیەوێت ڕۆڵێکی ئەرێنی لە لێکنزیکبوونەوەی ناوچەییدا بگێڕێت.

دۆسیە ناوخۆییەکان و چەک لە دەستی دەوڵەت

لەسەر ئاستی ناوخۆ، حەیدەر عەبودی ڕایگەیاند، کۆنترۆڵکردنی چەک و قەتیسکردنی لە دەستی دەوڵەتدا بڕیارێکی تەواو عێراقییە بۆ دەستەبەرکردنی کەشێکی لەبار بۆ وەبەرهێنان و سەقامگیری. سەبارەت بە تەواوکردنی کابینەی حکوومەتیش، ڕوونی کردەوە کە ئەم بابەتە پەیوەستە بە کۆدەنگی سیاسی لایەنەکان و حکوومەت لە ڕێگەی شاندەکەیەوە کار بۆ چارەسەرکردنی بۆشاییەکانی کابینەکە دەکات.

کیژان مەحمود

2 کاتژمێر پێش ئێستا