
لە کاتێکدا شەپۆلێکی گەرمای تاقەتپڕووکێن هەرێمی کوردستان و عێراقی گرتووەتەوە، فەرمانگەکانی کەشناسی پێشبینی دەکەن پلەکانی گەرما لە زۆربەی ناوچەکان لە سەروو 40 پلەی سیلیزی بمێننەوە، بە جۆرێک لە پارێزگاکانی بەسرە و میسان دەگەنە 50 پلە، کە دۆخی نیوەکوڵانی پێدەوترێت و ئەمەش کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان و جووڵەی بازاڕ دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان لەبارەی کەشی پێشبینیکراوی ئەمڕۆ و سبەی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ کەشوهەواکە زۆر گەرمە، لە هەولێر 44 پلەیە، لە سلێمانی 42 پلە و دهۆکیش 43 پلەیە، هەڵەبجە بە 45 پلە و گەرمیانیش بە 46 پلە ڕۆژێکی گەرم بەڕێدەکەن. فێنکترین ناوچەش حاجی ئۆمەرانە بە 34 پلەی سیلیزی و دوای ئەو پیرمام بە 39 پلە دێت.
بۆ سبەی سێشەممە (14/7/2026)، کەشناسی پێشبینی کردووە ئاسمان هەر ساماڵ بێت و بەیانییەکەی تۆز و خۆڵێکی سووک بەرزببێتەوە، بۆ پلەکانی گەرماش پێشبینی کردووە 1 بۆ 2 پلە نزم ببنەوە، بە جۆرێک هەولێر 42 پلە و سلێمانیش بۆ 40 پلە دادەبەزێت و دهۆک 42 پلە و هەڵەبجەش 44 پلە دەبێت و گەرمیانیش هەر بە گەرمی و لە 45 پلە دەمێنێتەوە.
حاڵی شارەکانی هەرێمی کوردستان بەراورد بە عێراق باشترە، دەستەی کەشناسی لەبارەی دۆخی کەشوهەوای شارەکان پێشبینی کرد سبەی لەسەرتاسەری وڵات پلەکانی گەرما بەرزببنەوە، لە زۆربەی پارێزگاکان پلەکان لە 44 بۆ 49 پلەیە، بەڵام لە بەسرە و میسان دەگەنە 50 پلە کە ئاستی نیوەکوڵانە.