پاسدارانی ئێران: بە مووشەکی بالیستیک بنکە ئاسمانییەکانی ئەمریکامان لە ئوردن پێکاوە
لە وەڵامێکی خێرا و چاوەڕواننەکراودا بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی واشنتن، سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستیک بنکە سەربازییەکانی ئەمریکای لەناو خاکی ئوردن کردە ئامانج و هۆکاری هێرشەکەش بۆ کوژرانی دەیان منداڵ دەگەڕێنێتەوە.
وەڵامدانەوە بە مووشەکی بالیستیک
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 14-07-2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕاگەیێنراوێکدا ڕایگەیاند، وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی دوێنێ شەوی ئەمریکا، بە مووشەکی بالیستیک هێرشیان کردووەتە سەر بنکە ئاسمانییەکانی ئەمریکا لە وڵاتی ئوردن و ئامانجەکانیان پێکاوە.
تۆڵەی کوژرانی 168 منداڵ لە شاری میناب
سوپای پاسداران ئاماژە بەوە دەکات، ئەمریکا سوودی لەو بنکە سەربازییانەی ئوردن وەرگرتووە بۆ هێرشکردنە سەر قوتابخانەی (شەجەرە تەیبە) لە شاری میناب. بەگوێرەی ڕاگەیێنراوەکە، لە ئەنجامی ئەو هێرشەی ئەمریکا 168 منداڵی بێتاوان کوژراون، بۆیە ئەم بۆردومانە وەک وەڵامێک بۆ ئەو "تاوانە" ئەنجام دراوە.
پەیامێک بۆ گەل و حکومەتی ئوردن
لە بەشێکی ڕاگەیێنراوەکەدا، سوپای پاسداران پەیامێکی ئاڕاستەی خەڵکی ئوردن کردووە و تێیدا هاتووە "ئێمە دوژمنایەتییەمان لەگەڵتان نییە و گەلی ئوردنمان خۆش دەوێت". هاوکات داوا لە حکومەت و خەڵکی ئوردن دەکەن ڕێگە نەدەن بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکەیان بمێننەوە و جەخت دەکەنەوە کە لابردنی ئەو بنکانە دەبێتە هۆی گەڕانەوەی ئاسایش و ئارامی بۆ ناوچەکە.
زیانەکانی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران
ئەم پەرەسەندنە سەربازییە دوای ئەوە دێت کە شەوی ڕابردوو ئەمریکا هێرشی کردە سەر چەند ناوچەیەکی جیاوازی ئێران. بەگوێرەی میدیا ناوخۆییەکانی تاران، بەهۆی هێرشەکانەوە کوژراو و بریندار هەن و زیانێکی زۆریش بە ژێرخانی ئابووریی وڵاتەکە گەیشتووە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی تاران ئاماری وردی زیانە گیانی و ماددییەکانی بڵاونەکردووەتەوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا