
گوتەبێژی حکومەتی عێراق وردەکاریی کۆبوونەوەی نێوان عەلی فالح زەیدی و دۆناڵد ترەمپ ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت، پەیوەندییەکانی بەغداد و واشنتن لە هاوبەشییەکی ئەمنییەوە بۆ کایەی وەبەرهێنان و دارایی گۆڕاون.
حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، سەردانەکەی سەرۆکوەزیران بۆ واشنتن بنەمایەک بۆ قۆناغێکی نوێی ئابووری لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دادەنێت. کۆبوونەوەی نێوان زەیدی و ترەمپ زۆر ئەرێنی بووە و تێیدا جەخت لە گواستنەوەی هاوبەشییەکان لە بواری ئەمنییەوە بۆ کەرتی وەبەرهێنان، دارایی و وزە کراوەتەوە. شاندی عێراقی خاوەن دیدگایەکی ڕوونە بۆ گەشەپێدان و دابینکردنی سەقامگیری بۆ هەناردەی نەوتی عێراق.
عەبوودی ئاماژەی بەوە کرد، عێراق خۆی لە تەوەرەکانی ململانێ بەدوور دەگرێت و دەست لە کاروباری ناوخۆیی هیچ وڵاتێک وەرنادات. حکومەتی ئێستا لەسەر ئەم پرەنسیپە جێگیرە کار دەکات بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەل، بەتایبەت لەم قۆناغەدا کە کەرتی ئابووری گەورەترین ئاڵنگاریی بەردەم وڵاتە، بۆیە هەوڵدەدرێت عێراق بکرێتە ناوەندێکی گەشەپێدانی دوور لە گرژی.
گوتەبێژی حکومەت ئاشکرای کرد، ڕۆژی 30ـی ئەیلوولی 2026 کۆتایی بە بوونی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق دێت. بەپێی گوتەی عەبوودی، لەگەڵ ئەو بەروارەدا قۆناغێکی نوێی گەشەپێدان دەستپێدەکات کە تێیدا هاوبەشیی ئابووریی درێژخایەن و ڕەخساندنی ژینگەیەکی سەقامگیر بۆ وەبەرهێنەران جێگیر دەکرێت، ئەمەش وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی لە پەیوەندییەکان ئەژمار دەکرێت.
سەردانەکە تەنیا لە کۆشکی سپی کۆتایی نایەت، بەڵکو زەیدی سەردانی وەزارەتی بەرگری (پنتاگۆن)، کۆنگرێس، وەزارەتی گەنجینە و دامەزراوە داراییە فیدراڵییەکان دەکات. بڕیارە لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا چەندین ڕێککەوتنی گرنگ لە نێوان بانکی ناوەندیی عێراق و دامەزراوە داراییەکانی ئەمریکا بۆ بەرژەوەندیی کەرتی بانکیی وڵات واژۆ بکرێن، کە ئامانجیان بەهێزکردنی سیستمی دارایی عێراقە.
یەکێکی دیکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی سەردانەکەی زەیدی، فراوانکردنی بەشداریی کۆمپانیا ئەمریکییەکانە لە جێبەجێکردنی پڕۆژە گەورەکانی ژێرخان لە عێراقدا. حکومەت دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم هاوبەشییەوە، تەکنەلۆژیا و سەرمایەی ئەمریکی بۆ ناوخۆ ڕابکێشێت تاوەکو سیمایەکی مۆدێرن و پێشکەوتوو بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان ببەخشێت و ژێرخانی وڵات پەرەپێبدات.
