
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند، لە ئەمڕۆوە پرۆسەی گواستنەوە و دابەزینی خوێندکاران و قوتابیان بۆ ساڵی نوێی خوێندن بە شێوەیەکی فەرمی و بە شێوازی ئەلیکترۆنی دەستی پێکردووە. ئەم پرۆسەیە تاوەکو ناوەڕاستی مانگی ئاب بەردەوام دەبێت و تەواوی ڕێکارەکان لە ڕێگەی سیستمەوە بەبێ پێویستی بە سەردانیکردنی وەزارەت ئەنجام دەدرێن.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ڕاگەیەندراوێکدا لەبارەی ماوەی پرۆسەکەوە ئاماژەی بەوە کرد، پرۆسەکە لە ئەمڕۆ چوارشەممەوە تاوەکو 15ـی ئاب بەردەوام دەبێت. ڕوونی کردووەتەوە پێویستە فەرمانی دەرچوونی زانکۆیی تایبەت بە گواستنەوە یان دابەزین لە ڕێکەوتی 31ـی ئابی 2026 تێپەڕ نەکات.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەبارەی کێشەی چوونە ناو سیستمەوە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەگەر خوێندکارێک ناوی بەکارهێنەر و وشەی تێپەڕ (یوزەرنەیم و پاسۆرد)ـی نەبوو یاخود لەیادی کردبێت، بۆ چوونە ناو سیستمی گواستنەوە و دابەزین، ئەوا بە ژمارەی تاقیکردنەوەی پۆلی 12ـی ئامادەیی دەچێت بۆ تۆماری زانکۆکەی و لەوێ کارەکەی دەکات.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەبارەی شێوازی بەڕێوەچوونی مامەڵەکانەوە بە خوێندکاران دەڵێت، پێویست ناکات سەردانی وەزارەت بکەن چونکە پرۆسەکە بە ئەلیکترۆنییە.