
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت، سەردانەکەی زەیدی بۆ ئەمریکا سەرجەم ئامانجە ستراتیجییەکانی بەدیهاتووە، دەشڵێت، سەرۆکوەزیران بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی ئەمنیی هونەریی هاوبەشی داوە، بۆ داڕشتنی شێوەی پەیوەندییەکانی بەغداد و واشنتن دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان.
سەباح نوعمان، گەتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی عێراقییە دەڵێت، "فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا، دیدارێکی گرنگی لەگەڵ وەزیرى جەنگی ئەو وڵاتە هەبوو، کە تەواوکەری ئەو گفتوگۆیانە بوو لەنێوان زەیدی و ترەمپ بەڕێوەچوون".
بە گوتەی سەباح نوعمان، شاندی عێراق بە ئاشکرا هەستیان بە متمانە و گرنگیپێدانی ئیدارەی ئەمریکا کردووە، بەو هەنگاوە چاکسازییە جدییانەی حکومەتی عێراق ئەنجامی دەدات، بەوهۆیەوە وەزارەتی جەنگ ئامادەیی دەربڕیوە بۆ پەرەپێدانی توانای هێزە ئەمنییەکانی عێراق.
سەباح نوعمان ئاماژە بەوەدەکات، لەسەر دەرەنجامی ئەو دیدارە، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بڕیاریداوە، لیژنەیەکی ئەمنی، هونەریی تایبەتمەند پێکبهێنرێت، بۆ دووبارە داڕشتن و وێناکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا، دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە 30ـی ئەیلوولی داهاتوو.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەشڵێت، قۆناغی داهاتوو تیشک دەخاتەسەر بەهێزکردن و پەرەپێدانی توانا هونەری، تەکنەلۆجی و ئەمنییەکان و تیشکخستنەسەر ئاسایشی ئەلیکترۆنی هێزە چەکدارەکان، کە بەرپرسیار و گرەنتیکاری سەرەکیی سەروەریی و پاراستنی ئاسمان، زەوی و دەریایی عێراقن.
