زەویناسێکی بەناوبانگی تورکیا: بەمزوانە چاوەڕێی بوومەلەرزەیەکی گەورەین لە ئیستانبوڵ

عەدنان ئەحمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
شارى ئیستەنبوڵى تورکیا
شارى ئیستەنبوڵى تورکیا

زەویناسێکی بەناوبانگی تورکیا دەڵێت، چاوەڕێی دەکەن بەمزوانە بوومەلەرزەیەکی گەورە لە ئیستانبوڵ ڕووبدات و بەشی زۆری شارەکە زیانیان بەربکەوێت.

بومەلەرزەکە لە کوێى ئیستانبوڵ دەدات؟

پرۆفیسۆر دکتۆر ناجی گوێرور، کە زەویناسێکی بەناوبانگی تورکیایە و لەلایەن ناوەندی سیاسیی و زانستیی تورکیاوە گوێ لە بۆچوونەکانی دەگیرێت دەڵێت، چاوەڕێ دەکەن بەمزوانە و لە زووترین کاتدا، بوومەلەرزەیەکی گەورە لە قۆڵی باکووری ئیستانبوڵ ڕووبدات.

بومەلەرزەکە هەردوو بەرى ئاسیا و ئەورووپاى ئیستانبوڵ دەگرێتەوە

گوێرور دەڵێت، ناوچەی مەڕمەڕە لەژێر فشارێکی زۆردایە و لە ئەگەری بوومەلەرزەکەشدا لە ئیستانبوڵ گەڕەکەکانى پەندک، توزلا، ماڵتەپە، کادیکۆی، لە بەرى ئاسیا و گەڕەکەکانى فاتیح، زەیتین بوڕنو، سیلیڤری و ئاڤجیلار لە بەرى ئەورووپاى ئیستانبوڵ، زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت.

گوێرور ئاماژە بەوەش دەکات، چەند ناوچەیەکی کۆجاعلەی و تەکیرداغیش زیانیان بەردەکەوێت.

پسپۆڕانى زەوى ناسى هۆشدارى دەدەن

چەند ڕۆژێک پێش ئێستا، دکتۆر عوسمان بەکتاش، زەویناسی دیاری تورکیاش بە هەمان شێوە گوتی، چاوەڕێ دەکەن بوومەلەرزەیەکی گەورە لە ئیستانبوڵ ڕووبدات.

چەند جار بومەلەرزە ڕوویداوە؟

بەگوێرەی تۆمارە بەردەستەکان، لە ماوەی دوو هەزار ساڵی ڕابردوودا، 34 بوومەلەرزەی حەوت و سەروو حەوت پلەیی لە ئیستانبوڵ ڕوویداوە و تێکڕاش هەر 60 ساڵ جارێک، بوومەلەرزەیەکی گەورە ڕوودەدات.

یەکەمین گەورە بوومەلەرزەی تۆمارکراو، لە ساڵی 358 ڕوویدا بەشێکی گەورەی شارەکە وێران بوو، دوواین بوومەلەرزەی گەورەش لە ساڵی 1999 ڕوویدا، کە بووەهۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 20 هەزار کەس و سەدان هەزار کەسیش بریندار بوون.

عەدنان ئەحمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا