ڕۆیتەرز: ئێران داواى لە حوسییەکان کردووە لە کارەباکەى درا بابولمەندەب دابخەن

کەناڵ8 1 کاتژمێر پێش ئێستا
ڕێڕەوی ئاوی گەرووی بابولمەندەب لەسەر دەریای سوور
ڕێڕەوی ئاوی گەرووی بابولمەندەب لەسەر دەریای سوور

سێ سەرچاوە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، ئێران داوای لە حوسییەکانی یەمەن کردووە، ئامادەکاری بکەن بۆ داخستنی گەرووی بابولمەندەب لە دەریای سوور، ئەگەر ئەمریکا هێرش بکاتە سەر ژێرخانی تۆڕی کارەبای ئێران، ئەمەش مەترسییەکی نوێی جددی لەسەر دابینکردنی وزەی جیهانی دروست دەکات.

بیرۆکەکە لەناو سەرکردایەتی ئێراندا تاوتوێکراوە

دوو سەرچاوەى ئێرانى و سەرچاوەیەک لە وڵاتانى ناوچەکە بە ئاژانسەکەیان ڕاگەیاندووە، ئەم بیرۆکەیە لەناو سەرکردایەتیى ئێراندا تاوتوێکراوە و حوسییەکانیش ئاگادار کراونەتەوە.

سەرچاوەکان وردەکاری زیاتریان لەبارەی چۆنێتی گەیاندنی ئەو داوایەکارییە ئاشکرا نەکردووە کە دوای هەڕەشەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر ژێرخانی کارەبای ئێران.

ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بارهەڵگرەکان

سەرچاوەیەکى نزیک لە حوسییەکان ئاشکراى کردووە، ئامادەکارى تەواویان کردووە بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بارهەڵگرەکان ئەوەش بە بڵاوەپێکردنى مووشەک و درۆن لە نزیک گەرووى بابولمەندەب لەسەر دەریاى سوور لە بەرزاییەکانى یەمەن کە دەڕوانێت بەسەر حودەیدە و کەنداوى عەدەن، باسلەوەشکراوە چاوەڕوانى فەرمانى دەستپێکردنن.

بوونی نوێنەری سوپای پاسداران لە یەمەن

سەرچاوەیەکی نزیک لە حوسییەکان ڕایگەیاند، نوێنەرانی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران کە ئێستا لە یەمەنن، بڕیارى داخستنی گەرووی بابولمەندەبیان لە دەستدایە.

مەترسی هەڵکشانی گەورەی قەیرانی وزە

هەرچەشنە هەڕەشەیەک بۆ سەر دەریای سوور و گەرووی بابولمەندەب، ئاماژەیە بۆ هەڵکشانی گەورەی قەیرانی وزەی جیهانی کە بەهۆی داخستنی گەرووی هوورمز لەلایەن ئێرانەوە سەریهەڵداوە.

مەترسی پەکخستنی دوو ڕێڕەوی سەرەکی وزەی جیهان

لەگەڵ داخرانی گەرووی هوورمز، هەر هێرشێکی حوسییەکان بۆ سەر کەشتی یان بەندەرەکانی دەریای سوور، لە هەمان کاتدا دوو ڕێڕەوی سەرەکی هەناردەکردنی نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەک دەخات، بەرەیەکی نوێ هەم لە قەیرانی وزە و هەم لە ململانێی بەرفراوانتری ئێران لەگەڵ ئەمریکادا دەکاتەوە.

کەناڵ8

1 کاتژمێر پێش ئێستا