ڕووسیا هۆشداریدا لە داخستنی گەرووی بابولمەندەب

بەهزاد ئەحمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
دیمەنێک لە گەرووی بابولمەندەب
دیمەنێک لە گەرووی بابولمەندەب

ڕووسیا هۆشداریدەدات لە ئەگەری داخستنی گەرووی ستراتیجیی بابولمەندەب لە لایەن حوسییەکانی یەمەنەوە لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران؛ وەزیری دەرەوەی ڕووسیاش ڕایدەگەیەنێت کە ئەم هەنگاوە کاریگەریی وێرانکەری لەسەر بازاڕی نەوت و تەواوی بازرگانیی نێودەوڵەتی دەبێت.

لێکەوتەکانی داخستنی گەرووەکە لەسەر بازاڕی نەوت

گەرووی بابولمەندەب بە شادەماری گواستنەوەی دەریایی ئاسیا بۆ ئەورووپا و ئەمریکا دادەنرێت و سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لەبارەی زیانەکانی داخستنی گەرووی بابولمەندەبەوە ڕایگەیاند، ئەگەر حوسییەکانی یەمەن گەرووی بابولمەندەب لە دەریای سوور دابخەن، زیانی گەورە بە بازاڕی جیهانیی نەوت دەگات.

هەڕەشەی حوسییەکان و کاریگەرییەکانی لەسەر بازرگانی

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە میانی کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا ئازەرییەکەی جەیهون بایرامۆڤ لەبارەی بارودۆخی گەرووەکە و هەڕەشەکانەوە جەختی لەوە کردەوە کە گەرووی هوورمز یەکێکە لە خوێنبەرە سەرەکییەکان و لە ئێستادا داخراوە، ئێستاش حوسییەکانیش هەڕەشەی داخستنی بابولمەندەب دەکەن لە ئەگەری بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا دژ بە ئێران، ئەم گەرووەش هاوسنوورە لەگەڵ نیمچە دوورگەی عەرەبی لە کەناری ڕۆژئاوای یەمەن، لاڤرۆڤ گوتی: "داخستنی بابولمەندەب کاریگەرییەکەی زۆر خراپ دەبێت بۆ بازرگانیی جیهانی و بەتایبەت بۆ نەوت."

پاراستنی ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەکان و قەیرانی ناوچەکە

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لەبارەی گرنگیی ڕێڕەوە بازرگانییەکانەوە جەختی لە گرنگیی پاراستنی ڕێڕەوی گواستنەوەی بازرگانیی نێودەوڵەتی کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە قەیرانە بەردەوامەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەریی نەرێنییان لەسەری دەبێت.

هەماهەنگیی تاران و حوسییەکان بۆ ڕاگرتنی کەشتیوانی

ئەمەش لەکاتێکدایە پێشتر ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەکانییەوە ڕایگەیاند، ئێران بە حوسییەکانی یەمەنی گوتووە ئامادەسازی بکەن بۆ داخستنی گەرووی بابولمەندەب و لە ئەگەری بەئامانجگرتنی ژێرخانی کارەبای وڵاتەکەیان لە لایەن ئەمریکاوە، گەرووەکە دابخەن و ئاستەنگی بۆ جموجوڵی کەشتیوانی دروست بکەن.

بەهزاد ئەحمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا