
سەرۆکى شانەى ڕاگەیاندنى ئەمنى ڕایگەیاند، پۆلیسى فیدراڵى سێ بازگە سەرەکییەکەى جورفولسەخرى وەرگرتووە.
لەماوەى کەمتر لە مانگێکدا دەستاودەستکردنى دۆسیەى ئەمنى لە ناوچەکەدا کۆتایی دێت.
سەعد مەعن سەرۆکى شانەى ڕاگەیاندنى ئەمنى ئاماژەى بەوەکرد، پرۆسەى ئاڵوگۆڕى یەکەکان و دووبارە جێگیرکردنیان بەشێوەیەکى ڕێکوپێک و بەبێ هیچ ئاستەنگییەکى ئەمنى بەردەوامە، پێشبینیکرد لەماوەى کەمتر لە مانگێکدا پڕۆسەى دەستاودەستکردنى بەرپرسیارێتیى ئەمنى تەواو ببێت و کۆنترۆڵى بۆرییەکانى نەوت و ڕێگە سەرەکییەکان و بازگە گرنگەکانى ناوچەکە بکرێت.
بەگوێرەى پلانێکى ئەمنى، پرۆسەى کشانەوەى هێزەکانى ئێستا لە جورفولسەخر و چوونەناوەوەى هێزى جێگرەوە بەردەوامە.
یەکەم فەوجى حەشدى شەعبى لە لیواى 45 ناوچەکەیان جێهێشت و هێزى جێگرەوە شوێنى گرتنەوە.
پۆلیسى وزە، 12 خاڵى ئەمنیى نوێى بە درێژایی هێڵەکانى نەوت کە پێنج کیلۆمەتر و پانیى 200 مەتر داناوە و تەواوى بۆرییەکە گرەنتیى کراوە.
پۆلیسى فیدراڵى کۆنترۆڵى ڕێگەى فازڵییەی بۆ یەکتربڕى مەیادین بە ڕووبەرى زیاتر لە 30 کیلۆمەتر کردووە لە ڕێگەى دانانى خاڵ و سەنگەرى ئەمنى.
لیواى 38 لە سوپاى عێراقى بەرپرسیارێتیى هێڵى جیاکەرەوەى لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانى ئەنبار و بە درێژایی 38 کیلۆمەتر وەرگرتووە.
پۆلیسى فیدراڵیش هەرسێ بازگەى سەرەکیى (شوهەدا، ئەنوار، تەحریر)ـى گرتووەتە دەست.
لەبارەى گەڕانەوەى ئاوارەکانى سەرۆکى شانەى ڕاگەیاندنى ئەمنى ئاماژەى بەوەکرد، حکومەت گەڕانەوەى دانیشتووانى جورفولسەخرى کردووەتە کارى لەپێشینە، لەگەڵ پێویستیى وردبینیى ئەمنى لەپێناو گرەنتیی سەلامەتیى هاوڵاتییان و ڕێگری لە دزەکردنى هیچ کەسێک.
ڕوونیشیکردەوە، لە بودجەى 2027 بڕە پارەیەک تەرخاندەکرێت بۆ ئاوەدانکردنەوەى ناوچەکە و باشکردنى دۆخى خزمەتگوزارییەکان.