
وەزیری دەوڵەتی عێراق لەسەردانێکیدا بۆ تورکیا لەگەڵ وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا کۆبووەوە .
محەمەد سەمعان داوایکردووە کارەبای هاوردەکراو لە تورکیاوە بۆ عێراق لە 600 مێگاواتەوە بۆ هەزار مێگاوات زیاد بکرێت.
محەممەد سەمعان، وەزیری دەوڵەتی عێراق سەردانی ئەنقەرەی پایتەختی تورکیای کرد و لەگەڵ ئاڵپئارسلان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا تاوتوێی هەماهەنگییەکانیان کردووە بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگای کەرکووک و ڕێگەی گەشەپێدان و هەماهەنگییەکانی نێوان هەردوولا.
هاوکات لە کۆبوونەوەکەی سەمعان لەگەڵ بایراکتار دا داواکراوە کارەبای هاوردەکراوی تورکیا بۆ عێراق لە 600 مگاواتەوە بەرزبکرێتەوە بۆ هەزار مێگاوات.
لەسەر کۆبوونەوەکە بایراکتار ڕایگەیاندووە، قووڵکردنەوەی پەیوەندییە پتەوەکانی نێوان تورکیا و عێراق لە بوارە ستراتیژییەکان بەتایبەتی وزە، بەشدارییەکی بەرچاوی دەبێت بۆ گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی و سەقامگیریی ناوچەکە، جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە بەردەوام دەبن لە بەهێزکردنی هەماهەنگییەکانیان لەم ئاڕاستەیە لەسەر بنەمای سوودی هاوبەش و بنەمای قازانجی هاوبەش.