
عەباس عێراقچى، وەزیرى دەرەوەى کۆمارى ئیسلامیى ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی ڕایگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دێرینە و نابێت لێدوانى کەسیی کاریگەریی لەسەر دروست بکات.
عەباس عێراقچى و فوئاد حسێن لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، دوایین گۆڕانکارییەکان و ئەو ئاڵنگارییە بەردەوامانەى لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە هەن تاوتوێکرد و هەردوولا جەختیان لەسەر هەماهەنگیى تەواو کردەوە بۆ ڕێگری لە پەرەسەندنى زیاتری گرژییەکان و پاراستنى ئاشتی و ئاساییشى هەرێمى.
وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتیکردەوە، پەیوەندییەکانى نێوان ئێران و عێراق، ستراتیجییە و لەسەر بنەماى مێژوو و ڕۆشنبیریی و ئایینیى قوڵ و بەرژەوندیی هاوبەش لەنێوان گەلانى هەردوولادا بونیادنراوە.
عێراقچى ئاماژەى بەوەشکرد، پەیوەندییەکانیان نابێت هیچ لێدوانێکى کەسیی کاریگەرىی لەسەر دروست بکات. گوتیشى "ئێران سوورە لەسەر ڕێزگرتنى دراوسێکانى و بەردەوامیدان بە گەشەپێدانى پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق لەسەر ئاستى حکومەت و گەلەکەى".
ئەوەش دوای ئەوە دێت کە عەلی ئەکبەر ویلایەتی، ڕاوێژکاری ڕێبەری ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی لە وتارێکدا کە ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی بڵاویکردەوە، ڕەخنەی لە سەردانەکەی زەیدی بۆ ئەمریکا گرت و پێیوابوو سەردانەکە لە کات و شوێنی خۆیدا نەبووە هەروەها زەیدی بە "سەرۆکوەزیرانێکی گەنج و کەم ئەزموون" ناوبردبوو.
