ئەو وڵاتانەى پیسترین هەوایان هەیە؛ عێراق لە ڕیزبەندیی پیسترین وڵاتاندایە

رۆزا حیسام 16 کاتژمێر پێش ئێستا
دیمەنێک لە پیسبوونی ژینگەی عێراق
دیمەنێک لە پیسبوونی ژینگەی عێراق

بەگوێرەی داتاکانی ناوەندی ئای کیو ئێری سویسری کە چاودێری کوالێتیی هەوا دەکات لە جیهاندا، ڕێژەی تەنۆلکە وردەکان لە هەوادا لە بەشێک لە وڵاتاندا گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار، ناوەندەکە ڕیزبەندیی پیسترین وڵاتانی جیهانی لە نێوان ساڵانی 2021 بۆ 2025 بەم جۆرە پۆلێن کردووە.

پاکستان؛ دووکەڵی پیشەسازی و بەبیابانبوون

لە پێشەنگی پیسترین وڵاتانی جیهاندایە، شاری لاهۆر و تەنانەت ئیسلامئابادی پایتەختیش بەدەست دووکەڵی پاشماوە پیشەسازییەکان، سووتانی پاشماوەی کشتوکاڵی، گازی ئۆتۆمبێلەکان و بەبیابانبوونەوە دەناڵێنن، هەر ئەو هۆکارانەش وای کردووە پیسترین وڵاتی جیهان بێت.

بەنگلادیش؛ کارگەکانی خشت و قەرەباڵغی

لە پلەی دووەمدایە، دەکای پایتەخت یەکێکە لەو شارانەی کە خەڵکەکەی بەردەوام هەوایەکی زۆر ژەهراوی هەڵدەمژن، کە بەهۆی کارگەکانی خشت و قەرەباڵغی زۆرەوە دروست دەبێت.

تاجیکستان؛ پشتبەستن بە خەڵوز و گەشەی پیشەسازیی

پیسبوونی هەوا لە تاجیکستان بە پلەی یەکەم بەهۆی پشتبەستنی زۆری ئەو وڵاتەیە بە خەڵوز، کەرتی پیشەسازیی ئەو وڵاتە پشتی پێ دەبەستێت و بەخێرایی گەشە دەکات، بەڵام بە شێوەیەکی خراپ بەڕێوە دەبرێت، هۆکارێکی دیکەی زۆریی ژمارەی ئۆتۆمبێلی کۆنە لەو وڵاتە، ئەوە جگە لەوەی وڵاتانی ناوەڕاستی ئاسیا کەشوهەوایەکی خۆڵ و تۆزاوییان هەیە.

چاد؛ گەردەلوولی خۆڵبارین و سووتەمەنییە سەرەتاییەکان

وڵاتێکی ئەفریقییە کە زۆر جار بەهۆی گەردەلوولی خۆڵی بیابانەکان، پشتبەستن بە دار و خەڵوز بۆ سووتەمەنیی ڕۆژانەی خەڵک و پیشەسازیی دواکەوتووەوە کوالێتیی هەواکەی زۆر بە خراپی تێکدەچێت.

کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ؛ پشتبەستن بە دار و خەڵوز بۆ چێشتلێنان

هاوشێوەی چاد دەکەوێتە ئەفریقا، بەهۆی بەکارهێنانی خەڵوز و دار بۆ خۆگەرمکردنەوە و کاری ڕۆژانە و چێشتلێنان، لەگەڵ نەبوونی سیستمی پێشکەوتووی وزە، لە ڕیزبەندیی ئەو وڵاتانەدایە کە هەوایەکی پیسیان هەیە.

هیندستان؛ چڕیی دانیشتووان و پیسترین شارەکانی جیهان

هیندستان یەکێکە لە گەورەترین وڵاتانی پیسکەری هەوا، زۆرینەی شارە هەرە پیسەکانی جیهان (وەک نیودلهی و لۆنی) دەکەونە ئەو وڵاتەوە، ئەو کەشوهەوایەش زۆر کات بەهۆی چڕیی دانیشتووان، سووتەمەنیی پیشەسازی و دووکەڵی ئۆتۆمبێلەوەیە.

کوەیت؛ نەوت و گاز و گەردەلوولی خۆڵ

وڵاتانی کەنداو بەهۆی هەڵکردنی گەردەلوولی خۆڵ و دەردانی گازەکانی کەرتی نەوت و گاز، ڕێژەی پیسبوونی هەوایان زۆر بەرزە.

ئۆگەندا؛ سووتاندنی پاشماوەکان و خراپیی کوالێتیی هەوا

پایتەختی ئۆگەندا کە شاری کامپالایە زۆر جار بەهۆی خراپیی کوالێتیی هەواکەی لە ڕیزبەندیی پێشەوەی وڵاتانی جیهاندایە و هۆکاری ئەو پیسبوونەش بەهۆی دووکەڵی ئۆتۆمبێل، سووتاندنی پاشماوەی خۆڵ و خاشاک و پشتبەستن بە دار و خەڵوزە بۆ سەرچاوەی سووتەمەنی.

میسر؛ چڕیی پیشەسازی و سووتانی پاشماوەی کشتوکاڵی

هۆکاری پیسبوونی کەشوهەوای میسر دەگەڕێتەوە بۆ زۆریی ژمارەی دانیشتووان، چڕیی پیشەسازی، دەردانی دووکەڵ و سووتانی پاشماوەی کشتوکاڵی.

ئۆزبەکستان؛ بەکارهێنانی نەوتی ڕەش و سوتەمەنیی کوالێتی نزم

لە وەرزی زستاندا ئۆزبەکستان بەهۆی کەمیی گازی سروشتییەوە پشت بە سووتەمەنیی وەک خەڵوز و نەوتی ڕەش دەبەستێت، ئەوەش ڕێژەیەکی زۆر گازی ژەهراوی دەردەداتە ناو بەرگەهەواوە، هەروەها ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل لەو وڵاتەدایە و سووتەمەنیی کوالێتی نزم بەکاردەهێنن، خۆڵبارین و کەمیی سەوزایی لە هۆکارەکانی دیکەی پیسکردنی ژینگەی ئەو وڵاتەن.

عێراق؛ جەنگ و پاشماوە پیشەسازییەکان

عێراق لە پلەی 11یەمدا دێت، هۆکاری پیسبوونی ژینگە و هەوای عێراق بەگشتی بۆ دەیان ساڵ جەنگ، گۆڕانی کەشوهەوا، کەمیی سەوزایی، دووکەڵی کەرتی نەوت و گاز، دووکەڵی ئۆتۆمبێل و مۆلیدە ئەهلییەکان، خۆڵبارین و بەبیابانبوون و فڕێدانی خۆڵ و خاشاک و پاشماوە پیشەسازییەکان بۆ ناو ڕووبەرە ئاوییەکان دەگەڕێتەوە.

رۆزا حیسام

16 کاتژمێر پێش ئێستا