وەزارەتی تەندروستیی عێراق نەشتەرگەریی گۆڕینی ڕەنگی چاوی قەدەغە کرد

کیژان مەحمود 7 کاتژمێر پێش ئێستا
وەزارەتی تەندروستیی عێراق نەشتەرگەریی گۆڕینی ڕەنگی چاوی قەدەغە کرد
وەزارەتی تەندروستیی عێراق نەشتەرگەریی گۆڕینی ڕەنگی چاوی قەدەغە کرد

وەزارەتی تەندروستیی عێراق بە فەرمی ئەنجامدانی نەشتەرگەریی گۆڕینی ڕەنگی چاوی بە مەبەستی جوانکاری قەدەغە کرد، ئەمەش دوای هۆشداریی پزیشکان دێت لەبارەی مەترسییەکانی ئەو جۆرە کردە پزیشکییانە، کە دەبنە هۆی تێکچوونی بیلبیلەی چاو و لەدەستدانی یەکجاریی بینایی، بڕیارەکە ئەو حاڵەتانە ناگرێتەوە کە بۆ چارەسەری پزیشکی ئەنجام دەدرێن.

ڕێنماییە نوێیەکانی وەزارەتی تەندروستی بۆ نەخۆشخانەکان

وەلید حەمید، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەیەکی تایبەتمەندی نەخۆشییەکانی چاو لەبارەی بڕیارە نوێیەکەوە بە ڕۆژنامەی فەرمیی عێراقی ڕاگەیاندووە، ڕاسپاردەیەکیان لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتمەندی وەزارەتی تەندروستیی عێراقەوە پێگەیشتووە کە لەمەودوا ئەنجامدانی نەشتەرگەریی گۆڕینی ڕەنگی چاو بە لەیزەر یان دانانی هاوێنەی دەستکرد لەسەر بیلبیلەی چاو، قەدەغە کراوە.

قەدەغەکردنی نەشتەرگەرییەکان بۆ مەبەستی جوانکاری

هەمان بەڕێوەبەر لەبارەی جۆری قەدەغەکردنەکەوە دەشڵێت، ئەنجامدانی نەشتەرگەریی گۆڕینی ڕەنگی چاو بەتایبەتی بۆ حاڵەتەکانی جوانکاری قەدەغە کراوە.

هۆکارە زانستییەکانی پشت بڕیاری قەدەغەکردنەکە

ئەو بەڕێوەبەرە لەبارەی مەترسییە تەندروستییەکانەوە ئاماژەی بەوەش کردووە، هۆکاری قەدەغەکردنی نەشتەرگەرییەکان بەهۆی ئەو مەترسییە زۆرانەی نەشتەرگەرییەکەوەیە، بەوپێیەی هەر کردارێکی دیراسەنەکراو لە نەشتەرگەرییەکەدا، دەکرێت ببێتە هۆی لەدەستدانی بینایی بە تەواوەتی.

بەکارهێنانی نەشتەرگەرییەکە تەنیا بۆ چارەسەری پزیشکی

ناوبراو لەبارەی ئامانجی بڕیارەکەوە دەشڵێت، لە داهاتوودا نەشتەرگەرییەکە تەنیا بۆ حاڵەتی چارەسەری نەخۆشییە، بەبۆچوونی ئەو، قەدەغەکردنی نەشتەرگەرییەکە بۆ پاراستنی هاووڵاتییانە لە کاریگەریی خراپی ئەو ماددە جوانکارییە دروستکراوانە لەناو بیلبیلەی چاودا.

کیژان مەحمود

7 کاتژمێر پێش ئێستا