
ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکى دەستەى دەستپاکیى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، ڕێککەوتن لە نێوان هەولێر و بەغداد کراوە بۆ دەستگیرکردنى تۆمەتبارانى گەندەڵى و هەرکەسێک داواکراو بێت لە هەرێمى کوردستان نیشتەجێ بێت دەستگیر دەکرێت.
گوتیشى، بەر لەم هەڵمەتە ڕێککەوتن هەبووە لەنێوان ئەنجوومەنى دادوەریی هەرێمى کوردستان و فیدراڵ بۆ ڕادەستکردنى داواکراوان و هەر کەسێک لەلایەن دادگاى عێراقەوە داواکراو بێت دەستگیرکراوە و ڕادەستیان کراوە.
سەرۆکى دەستەى دەستپاکى هەرێمى کوردستان بە کەناڵ8ى ڕاگەیاند، بوونى ناوى بەرپرسى کورد لە لیستى گەندەڵکاران پێشبینیکراوە، چونکە لە 2003وە تاوەکو ئێستا سەدان کورد پۆستیان لە حکومەت وەرگرتووە و لە ئەنجوومەنى نوێنەران وەک ئەندام دەوامیان کردووە.
گوتیشى، " پێشتر داواى زانیارى لەسەر دوو کەس لەلایەن دەستەى دەستپاکى فیدراڵى کراوە، بەڵام ئەمە بەر لە هەڵمەتەکەبووە و بوونى بەرپرسى کورد لە لیستەکە بابەتێکى چاوەڕوان کراوە.
سەرۆکى دەستەى دەستپاکى لەبارەى دۆسییەکانى گەندەڵى لە هەرێمى کوردستان بە کەناڵ8ى ڕاگەیاند، ساڵانە لێکۆڵینەوە لە هەزار بۆ هەزار و 100 دۆسییە دەکرێت، 200 تاوەکو 230 دۆسییە دەچێتە دادگاکان بۆ دادگاییکردن.
گوتیشى، لە دۆسییەى گەندەڵى لە هەرێمى کوردستان ساڵانە بەرپرس و پلە باڵا هەیە، بەڵام لەعێراق فراوانتر کارى لەسەرکراوە بودجە و تەرخانکراوى دارایی لەوێ زیاترە و مەوداى گەندەڵیش فراوانترە.


.jpg)