نێوان واشنتن و تاران؛ زەیدی بە جانتایەکی پڕ لە دۆسیەی هەستیارەوە دەگاتە ئێران
سەرۆکوەزیرانی عێراق بە جانتایەکی پڕ لە دۆسیەی ئابووری، وزە و ئەمنی لە واشنتنەوە بەرەو تاران بەڕێدەکەوێت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کارەبا و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی سەر هەناردەی نەوت.
گەرووی هوورمز و مەترسییەکانی سەر بودجەی عێراق
سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ تاران دوای چەند ڕۆژێکی کەم لە گەڕانەوەی لە ئەمریکا دێت. یەکێک لە گرنگترین تەوەرەکانی گفتوگۆکانی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران، پرسی گەرووی هوورمزە. داخستنی ئەم گەرووە کاریگەریی ڕاستەوخۆ و گەورەی لەسەر هەناردەی نەوتی عێراق هەیە و بووەتە هۆی دروستبوونی کورتهێنانی گەورە لە بودجەی گشتیدا، هەربۆیە زەیدی دەیەوێت ئەم پرسە بە هەستیارییەوە لەگەڵ تاران تاوتوێ بکات.
هەوڵ بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی گازی ئێران
کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبا لە عێراق پەیوەستە بە ڕاگرتنی هەناردەی گازی ئێران، ئەمەش دۆسیەیەکی دیکەی سەرەکی سەردانەکەی زەیدییە. چاوەڕوان دەکرێت سەرۆکوەزیران داوای دەستپێکردنەوەی هەناردەی گاز بکات بۆ چارەسەری قەیرانی وزە، بەڵام ئەم بابەتە بەربەستی گەورەی لەبەردەمە، چونکە بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە، شێوازی پارەدان و هەواڵەکردنی پارە بۆ ئێران ڕاگیراوە و کێشەی بۆ هەردوولا دروستکردووە.
جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە ئەمنییەکان و پاراستنی سنوورەکان
لە ڕووی ئەمنییەوە، عێراق و ئێران لە ساڵانی 2023 و 2025 دوو ڕێککەوتنیان بۆ توندوتۆڵکردنی سنوورەکان و داماڵینی چەکی پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان واژۆ کردووە. زەیدی لە تاران باسی ئاستی جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنانە و پرسی هێرشەکان بۆ سەر شارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات، بە ئامانجی سەقامگیرکردنی دۆخی ئەمنیی ناوچە سنوورییەکان.
دۆسیەی گرووپە چەکدارەکان و سەروەریی عێراق
پرسێکی دیکەی هەستیار لە ئەجێندای سەردانەکەدا، چارەنووسی ئەو گرووپە چەکدارانەیە کە لە ئێرانەوە نزیکن. زەیدی دەیەوێت چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت، بەڵام ئەم هەوڵە لە لایەن ئەو گرووپانەوە ڕووبەڕووی بەرهەڵستی بووەتەوە. حەیدەر عەبودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق پێشتر ڕایگەیاندووە کە پرسی چەک و گرووپەکان بابەتێکی ناوخۆیی و سەروەرییە و لە دەرەوەی وڵات گفتوگۆی لەسەر ناکرێت.
دەستپێشخەریی نوێ بۆ نێوەندگیری لە نێوان تاران و واشنتن
لەگەڵ ئەوەی وڵاتانی وەک پاکستان و قەتەر ڕۆڵی نێوەندگیر دەبینن، بەڵام زەیدی بەهۆی ئەوەی ڕاستەوخۆ لە واشنتنەوە گەڕاوەتەوە، دەیەوێت دەستپێشخەرییەکی نوێ بۆ نزیککردنەوەی دیدگای ئەمریکا و ئێران بخاتەڕوو. عێراق دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم نێوەندگیرییەوە ڕێگری بکات لەوەی وڵاتەکەی ببێتە گۆڕەپانی ململانێ و زیانی ئابووری و ئەمنی زیاتری پێ بگات.
2 کاتژمێر پێش ئێستا